هەفتەی داهاتوو ژمارەی حاجییان بۆ وەرزی نوێی حەج دیاریدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو ژمارەی حاجییان بۆ وەرزی نوێی حەج دیاریدەکرێت و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیشدا سەرجەم وردەکارییەکەی رادەگەیێنن.
رۆژی پێنجشەممە، 26-1-2023، کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوێنێ لە بەغدا بوون بۆ ئەوەی لەگەڵ حەج و عەمرەی ئەوێ تاوتوێی ئامادەکارییەکانی تایبەت بە وەرزی نوێ حەج بکەن.
کاروان ستوونی ئاشکرایکرد، هەفتەی داهاتوو ژمارەی حاجییانی وەرزی نوێ حەج دیاریدەکرێت و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا سەرجەم وردەکارییەکان بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە.
بە گوتەی کاروان ستوونی، دوای دیاریکردنی ژمارەی حاجییان، پێشینە بۆ ئەو کەسانەیە کە ساڵانی رابردوو بەهۆی کۆرۆنا و تەمەن نەیانتوانیوە حەج بکەن، جگە لەوانە ئەگەر ژمارەی حاجییان زیاتر بوو، ئەوا دەست بە تۆمارکردنی ناوی نوێ دەکەن.
رۆژی 12-12-2022، شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوو هەزار و 500 کەس هەن کە لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنادا ناویان بۆ حەج تۆمارکردووە و بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە نەیانتوانی حەج بکەن، ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانیی دیکەش هەن کە نزیکەی 83 هەزار کەس دەبن و لە ساڵی 2017ـەوە ناویان تۆمار کردووە، تەنیا بەشێکیان رۆیشتوون.
رۆژی 9-1-2023، لە کۆنگرەی حەج و عومرە لە جەدە بڕیاردرا حەجکردن بۆ وەرزی پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بگەڕێتەوە و سەرجەم مەرجەکان هەڵگیران لەوانە تەمەن و پشکنین و رێکارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمکردنەوەی ژمارەی ئەوانەی دەچوون بۆ حەجکردن.
ماوەی دوو ساڵ بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا رێگە بە حاجییانی کوردستان نەدرا حەج بکەن. بەگوێرەی مەرج و رێنمایی حکومەتی سعودیە، بڕیاریدابوو بۆ ساڵی 2022 پێشوازی لە ملیۆنێک کەس لە ناوخۆ و دەرەوە بکات، لە کاتێکدا ساڵی 2019 پێشوازی لە ملیۆنێک و 500 هەزار کەس کرد.