سەرۆکی زانکۆی کوردستان لە سنە: 700 خوێندکاری بیانیمان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی زانکۆی کوردستان لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، 700 خوێندکاری بیانی لە شەش وڵاتەوە لەو زانکۆیە دەخوێنن. دەشڵێت پلانیان هەیە خوێندکاری بیانیی زیاتر وەربگرن.
حامد قادرزادە، سەرۆکی زانکۆی کوردستان رۆژی سێشەممە (24ـی کانوونی یەکەمی 2024) رایگەیاند، ئەو خوێندکارانە لە قۆناخ و بەشە جیاوازەکانی زانکۆکەیان دەخوێنن و بەشێکیان بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لەو زانکۆیەن.
زانکۆکە 73 بەشی خوێندنی هەیە و ئەنجوومەنی زانستیی زانکۆکە لە 430 ئەندام پێکدێت. بەگوتەی قادرزادە، زانکۆی کوردستان لە ئاستی ئێراندا پێگەیەکی باشی هەیە.
هێمن نووربەخش، بەڕێوەبەری بەشی نێودەوڵەتیی زانکۆی کوردستان لە پارێزگای سنەوە رایگەیاند، لە شەش وڵاتی جیهانەوە، لە عێراق (بە هەرێمی کوردستانیشەوە)، سووریا، نایجیریا، سوودان، لیبا و ئەفغانستان، خوێندکاری بیانی لەو زانکۆیەدا دەخوێنن.
هێمن نووربەخش گوتی، "290 لەو خوێندکارە بیانیانەی ئەم ساڵ وەرگیراون."
بەپێی ماڵپەڕی فەرمیی زانکۆی کوردستان لە سنە، لە ساڵی 2015ـەوە وەرگرتنی خوێندکاری بیانی لەو زانکۆیە دەستیپێکردووە.
زانکۆی کوردستان ساڵی 1974 وەک ناوەندێکی فێرکاری باڵا دامەزرا، دواتر بووەتە بەشێک لە زانکۆی رازیی کرماشان، بەڵام ساڵی 1991 لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێرانەوە وەک زانکۆیەکی سەربەخۆ بە فەرمی ناسێنرا.