قایمقامی کفری: حکومەت بەشێکی باش لە بەڵێنەکانی جێبەجێ کردوون
رووداو دیجیتاڵ
تەمموزی ساڵی رابردوو، دوای مانگرتنی بەشێک لە دانیشتووانی قەزای کفری بۆ کەمیی خزمەتگوزاری، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی پێدان. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، بەشێکی پڕۆژەکان جێبەجێ کراون، بەڵام هەندێک بەڵێنیش هەن چاوەڕێی جێبەجێکردنیان دەکەین و چاویان لە خزمەتگوزاریی زیاترە.
ئەمڕۆ دووشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2024 ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشێکی باش لەو بەڵێنانەی کە پار حکومەتی هەرێمی کوردستان بە قەزاکەمانی دا، جێبەجێ کراون؛ بەڵام هێشتا داواکاریی دیکەمان هەیە و چاومان لە خزمەتی زیاترە، چونکە ساڵانێکی زۆر قەزاکەمان پشتگوێ خرابوو."
قایمقامی قەزای کفری دەڵێت، "گرنگترین پڕۆژە بۆ خەڵکی کفری بریتییە لە قیرتاوکردنی گەڕەکەکانی ئازادی، مامۆستایان، ئیمام محەممەد و شۆڕش و بە قیرکردنیان 85%ی کێشەکانی رێگەوبان لە کفری چارەسەر دەبن. ئەو پڕۆژەیە نزیکەی 9 ملیار دیناری پێویستە. شۆستە و کارەکانی دیکەی پێویست بۆ ئامادەکاری قیرتاوکردن کراون، بەڵام چەند مانگێکە چاوەڕێین و هێشتا حکومەت بڕیاری قیرکردنی نەداوە."
ساهیر عەلی ئاماژە بەوەش دەکات، "یەکێکی دیکە لە داواکارییە سەرەکییەکانمان ئەوەیە، لە مانگەکانی رابردوودا لەلایەن حکومەتەوە بەڵێنی دامەزراندنی 168 کەس لە دانیشتووی قەزاکەمان پێدرا، بەڵام زیاتر لە دوو مانگە نووسراوی دامەزراندنی ئەو کەسانە لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە و هێشتا واژۆ نەکراوە."
بە گوتەی قایمقامی قەزای کفری، بەڵێنیان لە وەزارەتەکانی دارایی و سامانە سرووشتییەکان وەرگرتووە کە ئاسانکاریی تەواو بۆ کارگە و پڕۆژەکان بۆ قەزای کفری بکرێت، "ئەوەش لەپێناو زیادبوونی هەلی کار بۆ هاونیشتمانیان، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا رێگەپێدان بە کارگەی خشتەسوورەکە دراوە کە وابڕیارە لەم چەند رۆژەی داهاتوودا بکرێتەوە."
کفری شارێکی دێرینی کوردستانە و دەکەوێتە ناوچەی گەرمیان. قایمقامی قەزای کفری گوتی، "دەمانەوێت حکومەت هاوکارمان بێت بۆ ئەوەی کفری بکەینە شارێکی مێژوویی و گەشتیاری لە ناوچەکەدا، بەو پێیەی دەیان شوێنەواری مێژوویی لەم قەزایەدا هەن و پێویستە گرنگییان پێبدرێت."
تەممووزی ساڵی رابردوو بەشێک لە دانیشتووانی قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بۆ داواکردنی خزمەتگوزاری و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بۆ قەزاکەیان دەستیان بە مانگرتن کرد. دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی بەدواداچوون بۆ کێشەکان و چارەسەرکردنی زۆربەیانی دا.