پارتی ئاشتی و دیموکراسیی کوردستان: تورکیا ژێرخانی رۆژئاوای کوردستانی کردووەتە ئامانج

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسیی کوردستان دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، 15 کەسی سڤیل و سێ ئەندامی ئاسایش لە سنووری شاری قامشلۆ کوژراون. ئاماژە بەوەش دەکات، "زیاتر لە 80%ی ئەو شوێنانەی کراوونەتە ئامانج، خەڵکی سڤیلیان تێدا بووە."
 
ئەمڕۆ هەینی 25-10-2024 تەڵاڵ محەممەد، سەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین پێشکێشی کرد، لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە رایگەیاند، "زیاتر لە 80%ی ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، شوێنی کار و مانەوەی خەڵکی سڤیل بوون."
 
تەڵاڵ محەممەد گوتیشی، "چەند بازگەیەکی ئاسایش و خاڵی سەربازیش لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا بۆردوومان کراون، بەڵام بەگشتی ژێرخانی ناوچەکە کراوەتە ئامانج."
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی 24ـی تشرینی یەکەم لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوانیان کردوەتە سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان و شەڕڤانان لە رۆژئاوای کوردستان.
 
سەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسیی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا لە سنووری قامشلۆ 15 کەسی سڤیل و 3 ئەندامی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە.
 
تەڵاڵ محەممەد ئەوەشی خستەڕوو، "هەر چەند مانگ جارێک تورکیا ژێرخانی ناوچەکە وەک تۆڕەکانی ئاو، کارەبا و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆردوومان دەکات."
 
بۆردوومانەکە لە کاتێکدایە، رۆژی 23-10-2024 دوو کەس بە چەکەوە هێرشیان کردە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە و لە ئەنجامدا 5 کەس کوژران و 22 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
تورکیا ئەنجامدانی هێرشەکەی خستە ئەستۆی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و ئەمڕۆش ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە) رایگەیاند، هێرشەکەی ئەنقەرە لەلایەن تیمێکی "سەربەخۆ"ی هێزی نەمرانەوە کراوە و ناسنامەی ئەو دوو کەسەشی ئاشکرا کرد کە هێرشەکەیان کردووە.