چوار شاخەوان لە چیایەکی رۆژهەڵاتی کوردستان بێسەروشوێن بوون

 
رووداو دیجیتاڵ 

چوار شاخەوان لە چیای کێلەشینی شاری شنۆی سەر بە پارێزگای ورمێ بێسەروشوێن بوون؛ بەڕێوەبەری مانگی سووری شارەکە دەڵێت، تائێستا بە دیاریکراوی شوێنی بێسەروشوێنبوونیان نەدۆزراوەتەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی، 25-10-2024، فەخرەدین مام عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری مانگی سووری شاری شنۆی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، گەڕان بە دوای ئەو چوار شاخەوانەدا بەردەوامە کە لە چیای کێلەشینی ناوچەکە بێسەروشوێن بوون.
 
فەخرەدین مام عەبدوڵڵا ئاماژەی دا، تیمێکی ئۆفرۆد لە نێو بەفر و کوێستانەکەدا هەوڵی دۆزینەوەی ئەو چوار شاخەوانە دەدەن، ''بەڵام بەهۆی بارینی بەفر و باوبۆرانی بەهێز، تاوەکو ئێستا بە دیاریکراوی نەگەیشتووینەتە شوێنی دیارنەمانیان.''
 
بەڕێوەبەری مانگی سووری شنۆ ئاماژەی بەوە نەکرد کە شاخەوانەکان خەڵکی کامە ناوچەی ئێران یان رۆژهەڵاتی کوردستانن، بەڵام بێسەروشوێنبوونیان لەکاتێکدایە کە لە 48 کاژێری رابردوودا، زیاتر لە 40 سانتیمەتر لە بەرزاییەکانی شارەکە بەفر باریوە و رێگەی چەندین گوند گیراوە.
 
رۆژی 11-01-2024ـیش پێنج کەس لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی کاویانی نەغەدە لە شاخی رندۆڵەی ناوچەی شنۆ لە کاتی گەڕانەوەیاندا بەفریان بەسەردا باری و سێیان بێسەروشوێن بوون.
 
دواتر بە هەوڵی خەڵکی خۆجیێی و شاخەوانەکانی شارەکانی شنۆ، پیرانشار، نەغەدە و مهاباد و چەند شارێکی دیکە و هەروەها تیمێکی 30 کەسی لە تارانەوە رەوانەی شنۆ کرابوون، تەرمی هەر سێ شاخەوانەکە دۆزرانەوە.