سەندیکای پارێزەران بۆ ئەنجوومەنی فەتوا: وهرگرتنی كرێی ماندووبوونی پارێزهرایهتی بە یاسا دیاریکراوە
رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای پارێزەرانی کوردستان وەڵامی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا دەداتەوە و دەڵێت، "ماندووبوونى پارێزەرایەتی بەگوێرەى یاسای پارێزەرایەتی و یاسا بەرکارەکان دیاریکراوە." گوتەبێژی سەندیکاکەش دەڵێت، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای فەتوا کۆببینەوە لەبارەی ئەو فەتوایەی دەریانکردووە.
رۆژی چوارشەممە 25-10-2023 ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "كۆمهڵێک پارێزهر پرسیارێكیان ئاراستهی ئهنجوومهن كرد، سهبارهت به (حوكمی وهرگرتنی كرێی ماندووبوونی پارێزهرایهتی 'أتعاب المحاماه'، كه دادگا بڕیار دهدات ئهو كهسهی كه ههموو دهعواكهی یان بهشێكی دۆڕاندووه، بڕێک پاره بدات به پارێزهری براوه له دهعواكهدا، بێجگه لهوهی كه كهسی دۆڕاو دهبێت پارهش بدات به پارێزهرهكهی خۆی) ئەنجوومەنیش بەکۆی دەنگ بڕیاریدا وەرگرتنی ئەو پارەیە حەرامە."
لەدوای ئەو فەتوایە، سەندیکای پارێزەرانی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لێکتێنەگەیشتن هەیە." و پێیوایە پرسیارەکە وەکو خۆى و بە تەواوى لایەنەکانى بە ئەندامانى ئەنجوومەنى فەتوا نەگەیشتووە.
سەندیکاکە لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت، "ماندووبوونى پارێزەرایەتی بەگوێرەى یاسای پارێزەرایەتی و یاسا بەرکارەکان دیاریکراوە، کە لە سەرچاوەى شەریعەتى ئیسلامی و عورفى کۆمەڵگاى کوردەواری و ياساكانى هاوشێوەى پارێزەرایەتیى وڵاتانى ئیسلامییەوە هاتووە، کە زۆرینەى موسڵمانن و پابەندن بە پرنسیپەکانى ئیسلامەوە."
ئارام گەردی، گوتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وهرگرتنی كرێی ماندووبوونی پارێزهرایەتی، لهو كهسهی ههموو دۆسیەکەی یان بهشێكی دۆڕاندووه، بەگوێرەی یاسای پارێزەرایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە 17ی 1999 بۆ هەندێک دۆسیەی مەدەنی دیاریکراوە و لە پەرلەمانی کوردستان دەرکراوە، کە ئەوکات مامۆستای ئایینیشی لێبووە."
بە گوتەی گوتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، زۆربەی پارێزەرەکان ئەو پارەیە هەر وەرناگرن، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە ئەوە "حەرام بێت" بەڵکو لە یاسای وڵاتانی ئیسلامیی میسری و سعودیش هەیە، "بڕیارە هەفتەی داهاتووش لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای فەتوا کۆببینەوە و بۆیان رووندەکەینەوە."
ئارام گەردی گوتیشی، "ئەگەر دۆسیەیەک پارەی تێدا بێت، بە نموونە داوای 100 ملیۆن دینار لە بەرامبەر دەکەیت کە دۆسیەکە دەبەیتەوە، دەبێت سەرەڕای ئەوەی بڕە پارەیەک دەدەیتە ئەو پارێزەرەت کە دۆسیەکەی نەبردووەتەوە دەبێت بڕێک پارە بدەیتە پارێزەری بەرامبەریش، واتە ئەوەی دۆسیەکەی بردووەتەوە کە نابێت لە دوو ملیۆن دینار زیاتر بێت."
لەبارەی فەتواکەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، هەر ئەمڕۆ مەلا عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، بەرپرسی راگەیاندنی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا بەگوێرەی عورفی باو لەنێو پارێزەرەکان، بەو شێوەیە کە کەسێک کەیسەکەی دۆڕاند جگە لە پارەی پارێزەری خۆی، بڕە پارەیەک بە لایەنی بەرامبەریش دەدات، کە ئەوە حەرامە."