لە سلێمانی 416 پارچە زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسیدا دابەشدەکرێت

رووداود یجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی لە هۆڵی رۆشنبیری لە سلێمانی 416 پارچە زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی دابەشدەکرێت.

رۆژی چوارشەممە، 25-10-2023، عادل مەلا ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەزار و 100 پارچە زەوی بۆ زیندانیانی سیاسی دانراوە، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا 416ـیان مامەڵەیان تەواوبووە و سبەی بە تیروپشک کاژێر 9:00ـی بەیانی لە هۆڵی رۆشنبیری لە سلێمانی زەوییەکانیان بەسەر دابەشدەکرێت."
 
سەبارەت بە پێدانی زەوی بەو زیندانییە سیاسیانەی، مامەڵەیان تەواو نەبووە، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان گوتی: "ئەوانەی ناویان نەگەڕاوەتەوە لەگەڵیان بەردەوام دەبین و هەر کەسێک مامەڵەی تەواو بکات زەوی پێدەدرێت."
 
رووبەری ئەو زەوییانەی بڕیارە سبەی بدرێتە زیندانیانی سیاسیی، 160 مەتر دووجایە و لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانییە. عادل مەلا ساڵح دەڵێت، "ئەوانەی لە چوارچێوەی ئەو 460 کەسە ناویان هاتووەتەوە، ناوەکانیان لە پەیجی وەزارەت بڵاوکراوەتەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان گوتی، "بەگوێرەی دوایین بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران 11 هەزار و 141 پارچە زەوی دەدرێتە زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان."
 
رۆژی 9-4-2022  قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بڕیاری پێدانی زەوی بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان "بەپێی سێ فەرمان لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان دەرکراون و رێکارەکان لە کابینەی نۆیەمدا تەواوکراون."
 
عادل مەلا ساڵح دەڵێت، "دوایین فەرمانی پێدانی زەوی بە زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان کۆتایی ساڵی 2022 بوو لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران."