کارەبا دەگەیێندرێتە شەش گوندی سنووری ئیدارەی گەرمیان

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان رایگەیاند، ئەمڕۆ کارەبا گەیێندراوەتە شەش گوندی سنووری ئیدارەی گەرمیان و ئێستا تەنیا 24 گوند ماون کارەبای نیشتمانییان بۆ رابکێشرێت. دەشڵێت، "بەشێک لەو 24 گوندە و ئەو شەش گوندەش کە کارەبایان پێگەیێندراوە، موەلیدەشیان نییە."
 
رۆژی چوارشەممە 25-10-2023 بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە وەکالەت، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کەلار و ژمارەیەک لە بەرپرسانی کارەبای گەرمیان و دانیشتووانی گوندەکان، پڕۆژەی گەیاندنی کارەبای نیشتمانی بە شەش گوندی ناحیەی رزگاری کرایەوە.
 
ئەو شەش گوندە بریتین لە بوەکە، دەنگەوەرە، قەبری مەلا، قەڵبەزە، کەنی زەردی باشکی و کاکەبرا. هەروەها تۆڕی کارەبای گوندی سەید مەحموود لە سنووری ناحیەی پێباز نۆژەن کراوەتەوە.
 
ئەندازیار حازم کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەیاندنی کارەبا بەو شەش گوندە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی کارەبا بە بڕی 560 ملیۆن دینار جێبەجێ کراوە، کە سوودێکی زۆری هەبووە بۆ گوندەکان، چونکە بەشێکیان موەلیدەشیان نەبووە. ئەمڕۆ تێبینیم کرد خانەی وەرگری وزەی خۆریان لە سەربانەکانیان دانابوو."
 
بە گەیاندنی کارەبا بەو شەش گوندە، تەنیا 24 گوند لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەمێنن، کە کارەبای نیشتمانیان بۆ رابکێشرێت. بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان دەڵێت، "پڕۆژەی کارەبای ئەو 24 گوندەش لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی کارەبا، کە تێچووەکەی زیاتر لە سێ ملیار و 500 ملیۆن دینارە، جێبەجێ کراوە؛ پڕۆسەی تەندەرینیشیان بۆ کراوە و بڕیارە ئەگەر کێشەی دارایی نەیەتە پێشەوە، لە ماوەی یەک ساڵ ئەو پڕۆژانەش تەواو بکرێن."
 
حازم کەریم گوتیشی، "ئەو 24 گوندە، سێ گوندیان دەکەونە ناحیەی قۆرەتووی سەر بە قەزای خانەقین و 11 گوندیشیان دەکەونە سنووری قەزای کفری، ئەوانی دیکەش دەکەونە سنووری قەزای کەلار."
 
لە ماوەی ساڵانی 2022 و 2023 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای گەرمیان کارەبایان گەیاندووەتە 12 گوندی سنووری ئیدارەی گەرمیان.