ئەنجوومەنی وەزیران دەیەوێت پێدانی دەرماڵە بە خوێندکاران بکرێتە یاسا


رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی دەرماڵەی خوێندکاران داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات رەشنووسێک ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بکرێت بە پڕۆژەیاسا و دواتر بنێردرێت بۆ پەرلەمان، بۆ ئەوەی بابەتی پێدانی دەرماڵە بە خوێندکاران بە یاسا یەکلابکرێتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت: "پڕۆژەیاسایەکمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی شوورا ناردووە بۆ ئەوەی ئاراستەی پەرلەمانی بکەن و بە یاسا بابەتی دەرماڵەی خوێندکاران یەکلابکرێتەوە." 
 
بەرپرسێکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە 25-10-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ لەبارەی دەرماڵەی خوێندکاران کراوە و بڕیاردراوە ئەو بابەتە بە یاسا یەکلابکریتەوە، بۆ ئەوەش داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە لەوبارەوە رەشنووسێک ئامادەبکات، ئەوانیش ئامادەیان کردووە و ئاراستەی ڤالا فەرید، وەزیری هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پەرلەمان کراوە و دوای رێکارەکان ئاراستەی ئەنجوومەن دەکرێت و رەزامەندی لەسەر دەدرێت و دەنێردرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی بە یاسا ئەو بابەتە یەکلابکرێتەوە چونکە ئەوە مافی خوێندکارانە." 
 
هاوکات هەر ئەمڕۆ، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەرماڵەی خوێندکاران بە رووداوی گوت: "بە نووسراوی فەرمی داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کە ئەو حەوت ملیار و 250 ملیۆن دینارەی ساڵی رابردوو بۆیان تەرخانکردین بۆمان نوێ بکەنەوە، جگە لەوەش پڕۆژەیاساییەکمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی شورا ناردووە بۆ ئەوەی ئاراستەی پەرلەمانی بکەن و بە یاسا بابەتی دەرماڵە یەکلابکرێتەوە." 
 
د. توانا نەجەف گوتیشی، تاوەکو ئێستا "ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی ئەو نووسراوەی نەداوەتەوە" کە ئەو بڕە بودجەی ساڵی رابردوو بۆ دەرماڵەی خوێندکاران تەرخانیکرد نوێ دەکرێتەوە یاخود نا.
 
دوای ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەشە ناوخۆییەکانیان و گەڕاندنەوەی دەرماڵەکانیان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەپێی رێنوێنیی ژمارە 58ی دارایی ساڵی 2008 بڕیاریدا بۆ ساڵی خوێندنی 2021 - 2022 زیاتر لە شەش ملیار دینار وەکو هاوکاریی مانگانە بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان خەرج بکات. ئەو پاڵپشتییەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەبارەوە دابوو بۆ شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ بوو.
 
بڕی پاڵپشتییە داراییەكە 40 هەزار دینارە بۆ خوێندكارانی ناوشار و 60 هەزار دیناریش بۆ قوتابیانی دەرەوەی شار. بەپێی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان نزیكەی 130 هەزار خوێندكار لە وەرگرتنی ئەو پاڵپشتییە داراییە سوودمەند بوون.