کشتوکاڵی پیرانشار: ئەم ساڵ 450 هەزار تۆن چەوەندەرمان دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پیرانشار دەڵێت، وەرزی کۆکردنەوەی چەوەندەر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی شارەکە دەستیپێکردووە و پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ بەرهەمیان بگاتە 450 هەزار تۆن.
عومەر عەلیپوور، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پیرانشار لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ئەم ساڵ رووبەری حەوت هەزار و 300 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پیرانشار بە چەوەندەر چێندراوە، کە بەراورد بە پار 500 هێکتار کەمی کردووە.
بە گوتەی عەلیپوور، لە پیرانشار تێکڕای بەرهەمی چەوەندەر لە هێکتارێکدا نزیکەی 65 تۆنە و پێشبینی دەکەن، بەرهەمی ئەم ساڵیان سەرووی 450 هەزار تۆن بێت؛ گوتیشی، ئەو چەوەندەرەی لە پیرانشار بەرهەم دەهێندرێت، بەشێکی بۆ کارگەکانی بەرهەمهێنانی شەکر لە شارەکانی ورمێ، خۆی، نەغەدە و مهاباد و بەشێکی دیکەی رەوانەی پارێزگاکانی دیکە دەکرێت.
ساڵی رابردوو بەرهەمی چەوەندەر لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 670 هەزار تۆن کە 433 هەزار تۆنی لە پیرانشار بوو.
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران، رووبەری چاندنی چەوەندەر لە پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەم ساڵ بەراورد بە پار 18.4% زیادیکردووە.
زیاتر لە 30%ی چەوەندەری ئێران لە پارێزگای ورمێ بەرهەم دەهێندرێت، بۆیە لە رووی بەرهەمهێنانی چەوەندەرەوە، ورمێ لەسەر ئاستی ئێران بە پلەی یەکەم دێت.
وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران بۆ ئەم ساڵ هەر تۆنێک چەوەندەر لەنێوان سێ ملیۆن و 900 هەزار تمەن تاوەکو چوار ملیۆن و 100 هەزار تمەن لە جووتیاران دەکڕێت. وەزارەتەکە ساڵی 2023 بۆ کڕینی هەر تۆنێک چەوەندەر لە جووتیاران نرخی دوو ملیۆن و 800 هەزار تمەن (نزیکەی 50 دۆلار)ی دیاریکردبوو.