قەدەخەی هاتووچۆ لە 16 ناوچەی وان راگەیێندرا
رووداو دیجیتاڵ
چوونی خەڵک بۆ چەندین ناوچەی سنووری شارۆچکەی شاخ لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان بۆ 15 رۆژ قەدەخە کرا. قەدەخەکردنەکە بەپێی یاسای سەربازی راگەیێندراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لە لایەن پارێزگای وانەوە بڵاوکراوەتەوە، 16 ناوچە لە سنووری شارۆچکەی شاخ وەک "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندراون و بۆ 15 رۆژ چوون و هاتنی خەڵک بۆیان قەدەخەیە.
بڕیاری قەدەخەکردنەکە لە رۆژی 24ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو 9ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.
پارێزگەی وان دەڵێت، بە مەبەستی "پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکان"، ئەو شوێنانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون و داوای لە خەڵکیش کرد پابەندی بڕیارەکە بن و سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.
سوپای تورکیا چەند مانگێکە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور و باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیادکردووە. ئەو شوێنانەی ئۆپەراسیۆنیان تێدا بەڕێوەدەچێت وەک ناوچەی ئەمنی تایبەت رادەگەیێندرێن.