بەبێ سەرپێچیکردن زیاتر لە 10 کاژێر بەسەر دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردندا تێپەڕی
رووداو دیجیتاڵ
لە دوای کاژێر 12ـی شەوی رابردوو بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و سەرجەم بەربژێر و حیزبەکان دەستیان بە بانگەشەی میدیایی و مەیدانی کرد. "هیچ سەرپێچییەک تۆمار نەکرا".
رۆژی چوارشەممە، 25-09-2024 نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: ''لە دوای دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شەوی رابردوو و تاوەکو کاژێر 10ی بەیانی، هیچ پێشێلکاریی و سکاڵایەک تۆمار نەکراوە''.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ژمارەیەک سەرپێچی دیاریکردووە، لەوانە؛ پێبژاردن کە بەربژێر بە پارە سزا دەدرێت؛ دەستگیرکردن هەیە لە مانگێک تاوەکو ساڵێک؛ ئەگەر سەرپێچییەکەش گەورە بێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەتوانێت ئەو بەربژێرە دووربخاتەوە.
رۆژی سێشەممە 24ی ئەیلوول، لە لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوایکرد بانگەشەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئازادانە بەڕێوەبچێت، بە لەبەرچاو گرتنی ئادابە گشتییەكان و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن.
بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ماوەی 20 رۆژ بەردەوام دەبێت لە شەوی رابردووەوە و تاوەکو رۆژی 15ـی ئۆکتۆبەری 2024، بەپێی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن لابردنی وێنە و پۆستەرەکان بەرپرسیاریێتی بەربژێرەکان دەبێت، هیچ هەڵمەتێكی بانگەشەی تایبەت لەلایەن کۆمیسیۆنەوە یان قۆرخکردنی ئامرازەكانی دیکە ناکرێت.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەزار و 191 کەس کە پێکهاتوون لە 823 پیاو و 368 ژن، خۆیان بۆ بەدەستهێنانی 100 کورسیی پەرلەمان بەربژێر کردووە، کە پێنجیان کۆتای تورکمان و کریستیانن. 38 کەسیش خۆیان بۆ پێنج کورسیی کۆتاکە بەربژێر کردووە کە 20یان تورکمان و 18یان کریستیانن.
بڕیارە 20ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت؛ کۆمیسیۆن 173 تیمی چاودێریی لە هەرێمی کوردستان پێکهێناوە بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکان؛ چوار ناوەندی لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ وەرگرتنی راپۆرتی پێشێلکارییەکان.