زانکۆلاین بۆ 3500 خوێندکاری ناوچەکانی سنووری مادەی 140 رادەگەیێندرێت

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای دەرچوونی نمرەکانی تاقیکردنەوەی خولی دووەم و نوێکردنەوەی داتاکان. لە ناوچە دابرێندراوەکان زانکۆلاین رادەگەیێندرێت. دەشڵێت: "نزیکەی 3500 فۆرممان دابەشکردووە بۆ ئەوەی خوێندکاران پڕی بکەنەوە."
 
رۆژی دووشەممە، 25-09-2023 شێرزاد سەعید، بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "لە ناوچە دابڕێندراوەکان لەرێگەی فۆرمەوە داتا و زانیاری دەرچووانی پۆلی 12 وەردەگرین بۆ ئەوەی یوزەر و پاسپۆردیان لە زانکۆلایندا بۆ بکەین. هەر بەو مەبەستە نزیکەی 3500 فۆرم دابەشکراوە."
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووک روونیدەکاتەوە، "لەهەرێمی کوردستان وەزارەتی پەروەردە زانیاری دەداتە وەزارەتی خوێندنی باڵا و ئەوانیش پاسپۆرد و یۆزەر بۆ خوێندکاران دەکەن و لەسەر ئەو بنەمایە زانکۆلاین پڕدەکەنەوە، بەڵام لە ناوچە دابڕێنراوەکان ئێمە ناتوانین وابکەین چونکە ئەوەی ئارەزووی هەیە بخوێنێت کەسە نەک بەڕێوەبەرایەتییەک بۆیە فۆرم دابەشدەکەین و لە فۆرمەکە داوای ئەو داتا و زانیارییانە دەکەین کە لە زانکۆلاینەکە پێویستمانە."
 
ئەو فۆرمەی لە ناوچەدابڕێنراوەکان پڕدەکرێتەوە داوای ژمارەی تاقیکردنەوە، ناوی چواری، ساڵی دەرچوون، نمرە و کۆمەڵێک زانیاری لە دەرچووانی 12ـی ئامادەیی دەکات بە پشتگیری قوتابخانەکەیەوە، شێرزاد سەعید دەڵێت: "دواتر هەر خوێندکارێک ژمارەیەکی پێدەدرێت کە لە هەشت ژمارە پێکهاتووە ئەو ژمارەیە لەگەڵ ژمارەی تاقیکردنەوەکەی دەکەینە بنەڕەت و ئەو دوو ژمارەیە دەبێتە یوزەر و پاسپۆرت بۆ ئەو خوێندکارە بۆ ئەوەی داخڵی زانکۆلاین بێت و پڕی بکاتەوە."
 
لەبارەی راگەیاندنی زانکۆلاین بۆ خوێندکارانی ناوچە دابڕێنراوەکان، شێرزاد سەعید گوتی: "دوای تاقیکردنەوەی خولی دووەم کە 28ـی ئەم مانگە تەواودەبێت و راگەیاندنی نمرەکان، زانکۆلاین بۆ ناوچە دابڕێنراوەکانیش بۆ ماوەیەکی کاتی کە وەزارەت دیاری دەکات رادەگەیێندرێت و بەشەکانیان دیاری دەکەن."
 
لە ناوچە دابڕێنراوەکان نزیکەی 3000 خوێندکار هەن. لەبارەی وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووک دەڵێت: "لەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش بەشێک لە خوێندکاران وەرنەگیران، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە خوێندکار نمرەیەکی هەیە، بەڵام ئەو شوێنانەی نووسیویەتی ئەو نمرە نایگرێتەوە. بۆیە بۆ ناوچە دابڕێنراوەکانیش بە هەمانشێوە بە گوێرەی نمرە و ئەو بەشە دەبێت کە پڕی دەکەنەوە."
 
عەبدولکەریم محەممەد، باوکی کچێکە لە کەرکووک کە نمرەی 97ـی زانستی بەدەستهێناوە، بە رووداوی گوت: "یەکێک لە گرفتەکان جیاوازی نمرەیە لە نێوان پارێزگاکان بە نموونە لە هەولێر 97 پزیشکی ددان وەریدەگرێت، بەڵام بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی هەولێرن بە نموونە بۆ ئێمە دەبێت دوو نمرەی زیاتر بێت بۆ ئەوەی وەربگیرێت."
 
لەبارەی جیاوازیی نمرە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، شێرزاد حەسەن گوتی: "جیاوازیی نمرە لە نێوان پارێزگاکان هەر هەیە بە نموونە لە هەولێر دوو نمرە هەیە، نمرەیەک پێیدەڵێن پارێزگا و نمرەیەک پێیدەگوترێت گشتی. نمرەی پارێزگا بە نموونە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر بۆ خوێندکارانی خۆی بە رێژەیەک لە پێش پارێزگاکانی دیکەیە واتا 60 بۆ 70٪ـی بەشەکان پێکدەهێنن، رێژەیەکیش بۆ دەرەوەی هەولێر دیاریدەکەن خوێندکار کێبڕکێ لەسەر دەکات."
 
رۆژی یەکشەممە، 24-09-2023، وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەنجامی زانکۆلاینی راگەیاند، لە کۆی هەموو ئەوانەشی کە داواکارییان پێشکێشکردووە؛ 42 هەزار و 985 قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.