وزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمەکانی سنووری مادەی 140: مافی هەمووتان دەستەبەرکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لەبارەی کاراکردنەوەی کۆدی یەکەمەکانی خەڵکی ناوچەکانی سنووری مادەی 140 دەڵێت "مافی هەموویان دەستەبەرکراوە و رەنگە هەر ئەم هەفتەیە کۆدەکانیان کارابکرێت."
بڕیارە بەشێک لە خوێندکارە یەکەمەکانی سنووری ناوچەکانی مادەی 140 (کەرکووک، شنگال، مەخموور، خانەقین و چەند ناوچەیەکی دیکە) کە یەکەمی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بوون، لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە دابمەزرێن. رۆژی 23ـی ئەم مانگە کۆدی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ ماوەی پێنج رۆژ کاراکرا، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆدی خوێندکارە یەکەمەکانی ناوچەکانی سنووری 140 کارانەکراوە.
رۆژی دووشەممە 25-09-2023 د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوێنێ شەو شاندێکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق گەیشتە هەولێر و ئەم هەفتە لە وەزارەت پێکەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی کاروباری کۆدەکانی یەکەمەکانی ناوچەی 140 تەواوبکەین."
ئەو دەرچووانە زیاتر لە دوو هەزار کەس دەبن، کە دەرچووە یەکەمەکان و دەرچووانی بەشە تەندروستییەکانیشیان لەگەڵدایە. د. توانا نەجەف دەڵێت، "هەموو کێشەکانی کۆدی یەکەمەکانی ناوچە دابڕێندراوەکان بەوانەی ئەکتیڤ نەبوون بەو داتایانەی کە هەڵەن، هەمووی لە وەزارەتن و ئەم هەفتەیە چارەسەری دەکەین و رەنگە هەر ئەم هەفتەیە کارای بکەینەوە و مافی کەس نافەوتێت. لەو بابەتە هەموو هەوڵێک دەدەین زۆرترین کورد سوودمەندبێت."
بەختیار حاجی حەمەد، بەڕێوەبەری گشتی لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە، 23ـی ئەم مانگە بە رووداوی گوتبوو " تهنیا یهک ئهگهر ههیه بۆ دواخستنی كاراكردنی کۆدەکان، ئهویش ئەوەیە زۆربهی ناوهكان به فۆنتی كوردی نووسراون. فۆنتی كوردیش لە ئهنجوومهنی راژەدا كارا نییه، بهڵام له ههموو ئهگهرێکدا پێداچوونهوه به داتای دهرچووان دەکرێت و ئهوهی ناوی گهیشتبێته ئهنجوومهنی راژه، له رێگەی نوێنهرایهتیی حكومهتی ههرێمی کوردستانەوە له بهغدا مافی زامنكراوه."