بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە: نووسراوەکەی دەروازەی عەرعەر هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەروازەی سنووریی عەرعەری نێوان عێراق و سعودیە رایگەیاند، ئەو کەسانەی گەشتی عومرە دەکەن پێویستە ئۆتۆمبێلەکانیان ئەو مۆدێلانە بن کە دیاریکردوون. بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی وشکانی گەشتی عەمرە ناکەن، بۆیە ئەو نووسراوەی دەروازەی عەرعەر ئەوان ناگرێتەوە.
لە نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی عەرعەری سنووریی نێوان عێراق و سعودیە لە دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق کە رۆژی شەممە 24ی ئەیلوولی 2022 بە ژمارە (ب ت/9/1733) و بە ناونیشانی رێنوێنی، ئاراستەی بنکەی گومرکی عەرعەری کردووە، ئاماژە بەوە کراوە، "لایەنی سعودییمان لە رێگەی ئەفسەری پەیوەندیدار لە رێنوێنییەکانی تایبەت بە چوونەناوەوەی ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی عەمرەکاران و مۆدێلە پێویستەکان ئاگادارکردووەتەوە."
ئاگادارکردنەوەکە بەم شێوەیە کە لە خشتەی خوارەوەدا هاتووە:
1- پاسەکان، مۆدێل 2013 و بەسەرەوە.
2- تایبەت، مۆدێل 2015 و بەسەرەوە.
3- کرێ، 2018 و بەسەرەوە.
رۆژی یەکشەممە 25ی ئەیلوولی 2022، نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەبەر ئەوەی لە هەرێمی کوردستانەوە عومرەکاران بە رێگەی وشکانیدا ناڕۆن بۆ بەجێگەیاندنی گەشتی عومرە؛ بۆیە ئەو نووسراوە بۆ ئێمە نەهاتووە و ئاگاداری نین؛ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ئەوانەی کە گەشتی عومرە ئەنجامدەدەن بە ریگەی فڕۆکە و لەڕێگەی فڕۆکەخانەکانەوە گەشت دەکەن؛ هەربۆیە ئەو نووسراوەی دەروازەی سنووریی عەرعەر خەڵکی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەگرێتەوە."
دەروازەی سنووریی جادیدەدەت - عەرعەر، عێراق و سعودیە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. دەروازەکە لە سعودیە کەوتووەتە پارێزگای جادیدەت بە دووریی 50 کیلۆمەتر لە شاری عەرعەرەوە دوورە و 15 کیلۆمەتریش لە شاری نوخەێبی پارێزگای ئەنباری عێراقەوە دوورە.
دەروازەکە گەورەترین دەروازەی سنووریی نێوان عێراق و سعودیەیە کە لە ساڵی 1990 بەهۆی جەنگی کەنداوی دووەمەوە داخرا، لەوکاتەوە تاوەکو ئابی 2017، هیچ دەروازەیەکی فەرمیی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا نەبوو. لەو کاتەوەی داخراوە پەیوەندیی بازرگانیی راستەوخۆ لەڕێگەی وشکانی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە ئەنجامنەدرا. لە 18ی تشرینی دووەمی ساڵی 2020 دەروازە سنوورییەکە جارێکی دیکە کرایەوە.