بەرپرسیار؛ منداڵێکی تەمەن 14 ساڵان بۆ رزگارکردنی ژیانی پێویستی بە 40 هەزار دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
هندا عوزێر، لە تەمەنی سێ مانگییەوە تووشی تالاسیمیای جۆری "کوبرا" بووە و 15 رۆژێک جارێک لە کەمپی روانگەوە دەبرێتە سەنتەری ژین و خوێن لە جەستەی دەکرێت. بە گوتەی بەڕێوەبەری سەنتەرەکە، چارەسەری هندا لە هەرێمی کوردستان نییە و نەشتەرگەرییەکەی لە دەرەوەی وڵات "40 هەزار دۆلار"ـی پێویستە.
هندا سەرەڕای نەخۆشییەکەی، بەردەوامە لە خوێندن و لە پۆلی 7 دەخوێنێت. عوزێر عیدۆ، باوکی هندا لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، داوای هاوکاریی کرد بۆ چاکبوونەوەی کچەکەی.
باوکی هندا گوتی: "نەخۆشم و ناتوانم کاربکەم. کاسبکارم نییە. کوڕێکم هەمان نەخۆشیی کچەکەمی هەیە، بەڵام ئەو تەمەنی بچووکترە و نۆرەمان گرتووە لە سلێمانی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرییەکە."
هندا و براکەی، پێویستییان بە چاندنی مۆخی ئێسکە بۆ چاکبوونەوەی یەکجارەکی. دکتۆر حەسەن عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری سەنتەری ژین لە دهۆک و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجەی منداڵان، لە بەرپرسیار گوتی: " تالاسیمیاکەی هندا جۆری کوبرایە. نەشتەرگەرییەکە تەنیا لە دەرەوەی وڵات دەکرێ."
تەنیا سەنتەر لە هەرێمی کوردستان، سلێمانییە کە نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک دەکات. ئەو سەنتەرەش تەنیا نەشتەرگەریی بۆ تەمەنی 2 تاوەکو 12 ساڵی دەکات. بە گوتەی دکتۆر حەسەن، سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک لە هەولێر و دهۆک "بەمزووانە دەکرێتەوە".
چارەسەری هندا لە وڵاتانی ئوردن، تورکیا، ئێران و هیندستان دەکرێ. خەرجیی نەشتەرگەرییەکەش لە توانای ئەو خێزانەدا نییە.
خێزانی هندا ئاوارەی شنگالن. لە 2015ـەوە لە کەمپی روانگە لە سنووری دهۆک دەژین.