حکومەت داوای 200 هەزار دۆلار لە کۆمپانیای جێبەجێکاری رێگەی کەلار-سلێمانی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بۆ نوێکردنەوەی خیتاب زەمان، داوای 200 هەزار دۆلار لە کۆمپانیای جێبەجێکاری رێگەی کەلار-سلێمانی دەکرێت. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەش دەڵێت، "خیتاب زەمان نوێ ناکەینەوە." بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیانیش دەڵێت، "پشتگیرییان دەکەین و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش پشتگیرییان دەکەن و نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی کراوە بۆ ئەوەی ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت."
رۆژی سێشەممە، 23-07-2023، عوسمان حەمەسەعید، خاوەنی کۆمپانیای بێشکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە دوو مانگ زیاترە کێشەی خیتاب زەمانمان هەیە، چونکە حکومەت دەیەوێت پێمان نوێ بکاتەوە، بەڵام نوێی ناکەینەوە، چونکە ماوەی پڕۆژەکەمان 540 رۆژ بوو، بەڵام پارەمان بۆ خەرج نەکرا بۆیە لەو ماوەیەدا تەواو نەکرا. خیتاب زەمانیش یەکجار دەکەین ئیدی بە 10 ساڵ تەواو نەبێت و حکومەت خۆی پارە خەرج نەکات 10 جار خیتاب زەمان نوێ ناکەینەوە."
خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی کەلار-سلێمانی، کۆمپانیاکەی بە هۆکاری دواکەوتنی تەواوبوونی رێگەی کەلار-سلێمانی نازانێت و دەڵێت، "بۆ نوێکردنەوەی خیتاب زەمان دوو فەرمان هەن، فەرمانێکی قوباد تاڵەبانی کە دەڵێت، نوێ نەکەینەوە و فەرمانێکی مەسرور بارزانی کە دەڵێت، 'پڕۆژە وەستاوەکان خیتاب زەمانەکە نوێ بکەنەوە'، بەڵام هێشتا ئێمە ناگرێتەوە، چونکە ئێمە لە پڕۆژە وەستاوەکان نین، بەڵام هەر داوای نوێکردنەوەی دەکەن."
عوسمان حەمەسەعید ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە سستی کەوتووەتە نێو پڕۆژەکەیان، بەڵام کارەکانیان بە تەواوی رانەگرتووە، بۆیە تاوەکو سەرەتای مانگ چاوەڕێ دەبن ئەو بابەتەیان بۆ چارەسەربکرێت.
عوسمان حەمەسەعید دەڵێت، بەو مەرجە خیتاب زەمان نوێ دەکەنەوە، ئەگەر حکومەت بەڵێن بدات لە ماوەی ساڵێکدا پارەیان بۆ خەرج بکات.
عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان لەبارەی نوێکردنەوەی خیتاب زەمان بە رووداوی گوت، "خیتاب زەمان لە بانکێکی تایبەت دادەنرێت و حکومی نییە بڵێت داهاتەکەی بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، ئەو خیتاب زەمانە بۆ ئەوەیە کارەکان بە باشی و لەو ماوەی بۆ پڕۆژەکە دیاری کراوە بەڕێوەبچێت و تەواو بکرێت."
بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان سێ فەرمانیان لەبارەی نوێکردنەوەی خیتاب زەمان لەبەردەستە و لەوبارەوە عەدنان خەلیل دەڵێت، "ئێمە فەرمانێکی نێچیرڤان بارزانیمان هەیە کە سەرۆکی حکومەت بووە دەڵێت، 'ماوە بۆ بەڵێندەر هەژمارنەکەن و ماوەیان پێ بدرێت بەدەرلە هەموو رێنماییەکان'. قوباد تاڵەبانی فەرمانی هەیە کە دەڵێت، 'سەرجەم لایەنەکان داوای نوێکردنەوەی بارمتەی یاسایی خیتاب زەمان نەکەن لە بەڵێندەر'، هەروەها بڕیاری وەزارەتی پلاندانانیشمان هەیە."
لەبارەی فەرمانی نوێی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان دەڵێت، "لە دوایین فەرمان لەکابینەی نۆیەم لە 1ـی شووباتی 2023 بڕیارێک دەرکرا، کە خاڵی یەکەمی دەڵێت، سەبارەت بە گرفتی دەستەبەری بانکی لە جۆری خیتاب زەمان بڕیاردراوە بە نوێکردنەوەی دەستەبەرە بانکییەکان بۆ ئەو پڕۆژە وەستاوانەی کە لە نوێیوە یان تەواوی بودجەیان بۆ تەرخانکراوە و دەستبەکاربوونە، بۆیە گەنجینەی 2ـی سلێمانیش دەڵێت، دەبێت ئەم پڕۆژانە دەستەبەری بانکییان نوێ بکەنەوە."
بەگوتەی بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی، بەڵێندەری جێبەجێکاری رێگەی کەلار-سلێمانی، دەبێت 200 هەزار دۆلار بدەنە بانکێکی تایبەت بۆ نوێکردنەوەی خیتاب زەمان، کە دەشبینن فەرمانی پێشتر هەیە و بەگوێرەی دوایین فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش ئەوان ناگرێتەوە ئامادەنین نوێ بکەنەوە، چونکە دوایین فەرمانیش دەڵێت، پڕۆژە وەستاوەکان و ئەوان کارەکانیان بە تەواوی رانەگرتووە.
بەڵێندەری جێبەجێکاری رێگەی کەلار- سلێمانی تاوەکو 1ـی 8 چاوەڕوانی چارەسەرکردنی ئەو گرفتەیە، عەدنان خەلیل دەڵێت: "بە گوتەی بەڵێندەر دوای ئەو کاتە، کار لە پڕۆژەکە ناکەن، بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتەش ئێمە پشتگیریمان کردوون و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش پشتگیریان کردوون و نووسراویان بۆ وەزارەتی دارایی کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نییە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین."
گوژمەی رێگەی کەلار - سلێمانی 137 ملیار دینارە و نزیکەی 68 ملیار دینار بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار خەرجکراوە. عەدنان خەلیل دەڵێت: "ئەگەر کۆمپانیاکە خیتاب زەمان نوێ نەکاتەوە، نەک پارەیان بۆ خەرجناکرێت، هەر نایەتە سەر هەژمارەکەمان پێشتر دەهاتە هەژمارەکەمان و نەختینە نەبوو ئێستا هەر نایەتە هەژمارەکەمان بۆ ئەوەی چەک بۆ بەڵێندەر بکەم، بەوهۆیەوە مانگی شەش و ئەم مانگەش دووجار بەڵێندەر ویستوویەتی کارەکانی رابگرێت ئێمە نەمانهێشتووە."
له 19-12-2017 بهردی قۆناخی دووهمی جووتسایدكردنی رێگای كهلار - دهربهندیخان بهدرێژایی 42 كیلۆمهتر دانرا و بڕیار بوو له ماوهی 540 رۆژدا تهواو بكرێت، بهڵام بههۆی كهڵهكهبوونی قهرزی كۆمپانیای جێبهجێكار لهلای حكومهت، تەواو نەبووە.