جارێکی دیکە هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ
رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و ئێستا زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کێڵگەکە لێدەدرێت. قایمقامی چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاند، هێرشەکە پێش کاژێر 08:00 بووە.
رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە سێ مووشەک هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەستیپێکردووە و هێشتا زیانەکان دیارنین.
ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزیری سامانە سرووشتییەکانیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێرشەکە بە سێ مووشەک کراوە، مووشەکەکان لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتوونەتەخوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە."
هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە رووداوی گوت، بەهۆی هێرشەکەوە ئاگرێک کەوتووەتەوە و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنین.
قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، لەبارەی هێرشەکە ئەوەشی گوت، "کاژێر 7:50 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بە ژمارەیەک مووشەک هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە گوایە هێرشەکە بە سێ مووشەک کراوە و دیارنییە مووشەکەکان لە کوێوە ئاراستەکراون."
ئێستا هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی دیکە گەیشتوونەتە شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان و دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.
ئێستا هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی دیکە گەیشتوونەتە شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان و دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.
ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەرهەمهێنانی گاز دروستنەکردووە و وەکو پێشوو بەردەوامە. هاوکات لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەش دەستیپێکردووە.