پەروین بوڵدان: ئەو گورزە قبووڵ ناکەین کە لە ئیرادەی خەڵکی ئامەد دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
سبەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی دەستوور و دادی پەرلەمانی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ساڵیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتارەی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان - دەبەپە لە بازنەی ئامەد کۆدەبێتەوە. هاوسەرۆکی هەدەپە دەڵێت، "ئەو گورزە قبووڵ ناکەین کە لە ئیرادەی خەڵکی ئامەد دەدرێت."
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە ئەمڕۆ دووشەممە 25ی تەمموزی 2022 لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند: "سبەی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەرساڵیحە ئایدەنیز تاوتوێ دەکرێت. ئێمە لێرەوە جارێکی دیکە دەیڵێینەوە، ئەو گورزەمان قبووڵ نەکردووە کە لە ئیرادەی گەلان و خەڵکی ئامەد دەدرێت و قبوڵیشی ناکەین."
ساڵیحە ئایدەنیز رۆژی 12ی حوزەیرانی 2022 لە ناوچەی کادیکۆی ئیستەنبووڵ بەشداریی لە رێپێوانێکدا کرد، کە لەلایەن هەدەپە و دەبەپە لە دژی گۆشەگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رێکخرابوو.
لە رێپێوانەکەدا چەند جارێک گرژی لەنێوان پەرلەمانتارانی هەدەپە و پۆلیس دروستبوو. ساڵیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری دەبەپە بۆکسێک لە پۆلیسێک دەدات، بەهۆیەوە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ساڵحیە ئایدەنیز لە کاتی چالاکییەکەی کادیکۆیدا لە پۆلیسی داوە و گوتی، "باجی ئەو رەفتارانەی بەرامبەر پۆلیسی ئێمە دەکرێت، قورس دەبێت."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، "ئەوەی ساڵیحە ئایدەنیز کردوویەتی تاوان بووە و پێویستە بۆ وەرگرتنەوەی پارێزبەندی، راپۆرتی لەبارەوە ئامادە بکرێت."
شەوی پێنجشەممە 16ی حوزەیرانی 2022 داواکاریی وەرگرتنەوەی پارێزبەندی لە ساڵیحە ئایدەنیز گەیشتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا و مستەفا شەنتۆپ، سەرۆکی پەرلەمان بەبێ دواکەوتن نووسراوەکەی رەوانەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی دەستوور و دادی پەرلەمان کرد.
کۆمیسیۆنی ئامادەکاریی پەرلەمانی تورکیا رۆژی چوارشەممە 6ی تەممووزی 2022 دوای ئەوەی گوتەکانی ساڵیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری دەبەپەی وەرگرت، بڕیاریدا بە وەرگرتنەوەی پارێزبەندییەکەی و بڕیارەکەی رەوانەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی دەستوور و دادی پەرلەمان کرد.
کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی دەستوور و دادی پەرلەمانی تورکیا کاژێر 11:00ی رۆژی سێشەممە 26ی 2022 دەستپێدەکات.