دەربەندیخان.. لەسەر دەریاچەیەک ئاوە و بەشێکی بەرچاوی خەڵکەکەی بە دەبە ئاوی خواردنەوە دەبەنەوە
رووداو - دەربەندیخان
خەڵکی دەربەندیخان لەسەر دەریاچەیەک ئاون، بەڵام بەشێکی بەرچاو لە خەڵکەکەی بە دەبە ئاوی خواردنەوە دەبەنەوە.
فەرمان عەبدولڕەحمان خەڵکی دەربەندیخانە، دوو رۆژ جارێک دەبە بەتاڵەکانی ماڵی خۆیان کۆدەکاتەوە، دەڕواتە کانی تاوەکو ئاوی شیاوی خواردنەوەی بۆ ماڵەوە دەستبکەوێت.
فەرمان دەڵێت، "خەڵکی دەربەندیخان زیاتر لە 20 ساڵە بۆ دەستخستنی ئاوی پاکی خواردنەوە بەشێکی ژیانی بووە بە سەرەگرتن، ئەگەر تۆ بتەوێت ئاوێکی پاکی خواردنەوە دەستبخەیت، ئەگەر لە کانی بێت یان بیر بێت یان هەر شوێنێکی دیکە بێت، کە ئاوی پاکی لێبێت، دەبێت رۆژێک پێش ئەوە بەرنامەی بۆ دابنێیت، دواتر دەبێت بێیت زیاتر لە تاقێک یان چەند کاژێرێک لێرە نۆرە بگریت تاوەکو چەند دەبەیەک ئاوی پاکی خواردنەوەت دەستدەکەوێت."
ئەگەر لە شارەکانی دیکە نۆرەی نان و بەنزین هەبووبێت، لە دەربەندیخان نۆرەی ئاو شتێکی باوە و هاونیشتمانیان لەسەر کانیاوەکان ریز دەبەستن.
جەعفەر حەمەئەمین، جووتیار دەڵێت، "خەڵک لە بیر ئاو دەبات، دەچێت بۆ دەرەدۆین و شوێنێکی دیکە هەیە لەوبەری بازگەکەی بانیخێڵان. هەر ئەمە نییە، ئەگەر هەر ئەمە بێت، دەبێت سەرەی بۆ بگریت و شەو و رۆژ و دوو شەو و رۆژ بەرناکەوێت."
سدیق حەمەئەمین، خانەنشین گوتی، "تەقریبەن 10 بۆ 15 دەبەیەک پڕ دەکەین، بەشی 15 بۆ 20 رۆژێک دەکات، هەر رۆژێک دەبەیەک بۆ دوو دەبە سەرفدەکەین، ئیدی بەو شێوە."
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخان، لە ساڵی 2013 حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دروستکردنی پاڵاوگەیەک، دەبوو لە ماوەی 365 رۆژ تەواو ببێت، بەڵام تائێستا تەواو نەکراوە.
بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی دەڵێت، "کۆمپانیاکە دەستیان کردووەتەوە بە ئیشەکانیان، بەڵام تەنیا ئەوە دەمێنێتەوە ئێستا شایستە داراییەکانیان لەم یەک دوو هەفتەی داهاتوودا وەردەگرن و دەستدەکەن بە ئۆردەر و هێنانی کەرەستەکان، کە ئەمە دروستکردنی پەمپ و مزەخاتە قورسەکانە، ئەمە 6 بۆ 8 مانگی پێدەچێت، بەڵام لەدوای ئەو ماوەیەوە کە ئەم کەرەستانە دابین دەبێت، وەکو ئەوە وایە پڕۆژەکە تەواو بووبێت، چونکە دانان و بەستن و ئیشپێکردنەکەی کارێکی قورس نییە."
سەرچاوەی ئاوی دەربەندیخان، بەنداوی دەربەندیخانە، بەڵام توێژینەوەکان و هاونیشتمانیان ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی تێکەڵبوونی زێرابی سلێمانی و شارەزوور، شیاوی خواردنەوە و تەنانەت خۆشوشتنیش نییە.