قوباد تاڵەبانی: هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نەماوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هیچ پاساو و بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەماوە و کۆمیسیۆن ئامادەکاریی تەواوی بۆ هەڵبژاردنەکە کردووە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024 پێشوازیی لە شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە کڵاودیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردن سەرۆکایەتیی دەکرد.
بەپێی نووسینگەی تاڵەبانی، "لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵیی بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەربڕی، هیوای خواست رۆڵی گرنگ ببینن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی خوولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، بە جۆرێک کە ئەنجامەکەی جێی متمانەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت."
وەکو لە راگەیێندراوی نووسینگەکەیدا هاتووە، قوباد تاڵەبانی نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لە دواخستنی پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و رایگەیاندووە، "هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ دواخستنی زیاتری وادەی هەڵبژاردن نەماوە، بەتایبەتیش کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاریی تەواوی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن کردووە."
تائێستا سێ جار وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانەوە نەکراوە.
20ی ئایاری 2024 دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بە بڕیارێک کۆمیسیۆنی ناچار کرد، پێنج کورسیی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆتای پێکهاتەکان دابنێت؛ دوو کورسی بۆ تورکمان و کریستیان لە سلێمانی، دوو کورسی هاوشێوە لە هەولێر، یەک کورسی بۆ پێکهاتەی ئەرمەن لە دهۆک تەرخانکرا.
بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بووە هۆکاری ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و پێکهاتەکان بڕیاری بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتوووی پەرلەمانی کوردستان بدەن.
پێشتر کۆمیسیۆن پێشنیازی کردبوو 5ی ئەیلوولی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام رۆژی دووشەممە 24ی حوزەیران جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، ناتوانن لەو وادەیەی پێشنیاز کراوە، هەڵبژاردن بکەن.