دوو بارهەڵگر لە بازگەیەکی کەلار خۆیان بەیەکدا دەکێشن
رووداو - گەرمیان
دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە جۆری مارسیدس کە بە ئاراستەی قەزای کەلار لە رێگەدا بوون، لەناو خاڵی پشکنینی هێزەکانی ئاسایش لە بەردەسور بەیەکیاندا کێشا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 25-06-2023 سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری یەکەم گەنمی پێبووە و بە گوتەی شۆفێرەکە، "خەوی لێکەوتووە و خۆی کێشاوە بە بارهەڵگری دووەمدا کە هێلکەی پێبووە و دواتر خۆی کێشاوە بە بازگەکەدا."
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، "لە رووداوەکەدا جگە لە زیانی ماددی کە بەر هەردوو ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە، زیان بە بازگەکەش کەوتووە، بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە."
بە گوتەی سامان عەلی، لەلایەن تیمی هاتووچۆی گەرمیانەوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە بە مەبەستی زانینی هۆکارەكەی.