قوباد تاڵەبانی: هیچ حکومڕانییەک باش نییە ئەگەر پاراستنی ژینگە کاری لەپێشینەی نەبێت


رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هیچ حکومڕانییەک باش نییە ئەگەر پاراستنی ژینگە ئەولەویەتی ستراتیژی نەبێت، هیچ کۆمەڵگەیەکیش کۆمەڵگەیەکی زیندووی هۆشیاری بەرپرسیار نییە کە بەرامبەر بە ژینگەکەی هەستیار نەبێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 25-06-2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵێک لە پسپۆڕان، کەسانی ئاکادیمی لە بواری ژینگە کۆبووەوە و گوتی، "تاوتوێی پلانەکانی چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە ژینگەییەکانمان کرد، لە داهاتوودا کۆبوونەوەی فراوانتریش لەسەر ئاستی پسپۆڕانی هەرێم و عێراق دەکەین تاوەکو بە هەوڵ و هیمەتی هەمەلایەنە بتوانین پرسی ژینگە بکەینەوە ئەولەوییەتی ستراتیژی لە سیاسەتی عێراق و هەرێمی کوردستان."
 
بڕیارە هەر لەبارەی پرسی ژینگە، سبەی قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی "بەرفراوان" بکات بە بەشداریی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کونسوڵ و نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان.
 
قوباد تاڵەبانی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "هیچ حکومڕانییەک باش نییە ئەگەر پاراستنی ژینگە ئەولەوییەتی ستراتیژی نەبێت، هیچ کۆمەڵگەیەکیش کۆمەڵگەیەکی زیندووی هۆشیاری بەرپرسیار نییە کە بەرامبەر بە ژینگەکەی هەستیار نەبێت."
 
بەگوتەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "لێکۆڵینەوە ژینگەییەکان پێمان دەڵێن داهاتوویەکی مەترسیدار چاوەڕێی نەوەکانی داهاتوو دەکات، رەنگە ئەم نەوەیە دواین نەوەبێت بتوانێت پێش بە هەندێک لە کارەساتە ژینگەییەکان و لێکەوتە مەترسیدارەکانی بگرێت."