لە رۆژئاوای کوردستان ئاگر لە بەشێکی زەوییە کشتوکاڵییەکان کەوتەوە

هەولێر دیجیتاڵ

بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە بەشێکی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە رۆژئاوای کوردستان، سەدان دۆنم زەویی چێنراو بە دانەوێڵە سووتا. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ (شەممە، 25-05-2024) ئاگر لە بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی ناوچەکانی عامودێ و گوندەکانی تربەسپی کەوتووەتەوە؛ لە ئەنجامدا سەدان دۆنم دەغڵودان سووتاوە.
 
سەرچاوەیەکی تایبەت بە رووداوی گوت، ئەو ئاگرەی لە زەویوزاری ئەو ناوچانە کەوتبووەوە، کۆنترۆڵ کرا. گوتیشی "زۆربەی ئاگرەکە لە دەوروبەری ناوچەکانی عامودێ بووە."
 
بە هاوکاریی ئۆتۆمبێلەکانی قەزاکانی تلکۆچەر، گیرێ فاتێ، گرکێلەگێ، چل ئاغا و هاوکاریی خەڵک، ئاگری گوندی نەسیری کە بە رووبەری 150 دۆنم گەنم چێندرابوو، کوژێندرایەوە.
 
هەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، ئەو ئاگرە لە کاژێر 08:15 خولەکی رۆژی شەممە کەوتەوە و لە کاژێر 11:00ی نیوەڕۆ کوژێندرایەوە. زۆربەی ئاگرەکە لە دەوروبەری ناوچەکانی عامودێ بووە."