وەزارەتی کارەبا: وەک تاقیکردنەوە، نرخی کیلۆیەک واتی کارەبای سیتییە گرانبەهاکان کراوەتە 156 دینار
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە نرخی کارەبایان گران کردبێت و، دەڵێت "بەشێوەیەکی ئەزموونی (تێست) نرخی کارەبای سیتییە گرانبەهان کراوەتە 24 کاژێر بە سیستەمی پریپەید کە بەهۆیەوە نرخی هەر کیلۆواتێک بووەتە 156 دینار".
لە سۆشیاڵمیدیادا وا بڵاوکراوەتەوە وەزارەتی کارەبا نرخی کارەبای گران کردووە، بەڵام وەزارەتی کارەبا ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 25-05-2023) لەبارەی زیادکردنی نرخی کارەبا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەوەی کە بڕیاری لێدراوە ئەزموونییە، واتا تێست دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت فیدباکی ئەو بابەتە لەسەر خزمەتگوزاری و لایەنی ئابووری چۆنە، ئەگەر باش بوو، ئەوکاتە جێگر دەکرێت".
سەبارەت بە زیادکردنی نرخی کارەبا لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، ئومێد ئەحمەد گوتی "کارەبای شارە گەورەکان (های کۆست) واتا ئەوانەی سیتییە گرانبەهانن، کراوەتە 24 کاژێریی پریپەید لە نێو سیستەمی پریپەیددا نرخی هەر کیلۆواتێکیش 156 دینار دانراوە."
گوتیشی: "پێشتر نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبای سیتییە گرانبەهاکان 18 دینار بوو، بەڵام پێشتر کارەبای 24 کاژێرییان نەبوو، لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیشدا، موەلیدەیان هەبوو کە نرخی هەر کیلۆواتێک 400 دینار بووە، ئێستا موەلیدە لادراوە و کراوەتە 24 کاژێری و لە رووی ژینگەیی، پارە و چەندین رووی دیکەوە خوێندنەوەی بۆ پڕۆژەکە دەکرێت بۆ ئەوەی بزانین فیدباک لەسەر پڕۆژەکە چۆن دەبێت".
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا باسی لە کاژێرەکانی پێدانی کارەبا کرد و گوتی "ئێستا بەگشتی لە هەرێمی کوردستاندا زیاترلە 20 کاژێر دەبێت، سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک 20 کاژێرە، بەڵام لە هەولێر لەبەر پلەی گەرما دەوروبەری 19 بۆ 20 کاژێر کارەبا هەیە".