نزیکەی 300 تۆن زبڵ و پلاستیک لە بەنداوی دەربەندیخان کۆبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەریایەک لە زبڵ و پلاستیک لەنێو بەنداوی دەربەندیخان کۆبووەتەوە. بە جۆرێک تەنیا لە دوو رۆژدا 75 تۆن زبڵ و پلاستیک دەرهێنراوە.
کەڵەکەبوونی ئەو هەمووە پلاستیکە وایکردووە دامەزراوەی ڤیم و رێکخراوی سروشتی کوردستان دەست بە کۆکردنەوەیان بکەن. ئەوان ئەو 75 تۆن زبڵ و پلاستیکەیان دەرهێناوە و پێشبینی دەکەن نزیکەی 300 تۆن لەنێو بەنداوەکەدا هەبێت.
کاویار محەممەد، بەڕێوەبەری پرۆژەکانی دامەزراوەی ڤیم بە رووداوی گوت: "ئێمە هەموو هەوڵێکمان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانین بەنداوەکە لەم خۆڵ و خاشاکە پاکبکەینەوە پێش ئەوەی بەنداوەکە سەرڕێژ بکات."
هاوکات، عوسمان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری شارەوانیی دەربەندیخان دەڵێت: "ئێمە ئامێرەکانی شارەوانیمان خستووەتە خزمەتیانەوە بۆ گواستنەوەی ئەم خاشاکە بۆ شوێنی داپۆشینی خۆڵ و خاشاک لە دەرەوەی سنووری شارەوانی، دەیبەین بۆ ئەوەی بە گڵ دایپۆشین."
بەنداوی دەربەندیخان بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکەی زبڵ و خاشاکی تێدا کۆبووەتەوە. دەیانەوێت پێش سەرڕێژ بوونی، بەنداوەکە پاک بکرێتەوە بۆ ئەوەی زبڵ و پلاستیک کۆبکرێتەوە و نەچێتە نێو رووباری سیروان.
سامان ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە رووداوی گوت: "ئەم ساڵ نزیکەی 847 ملیمەتر باران لە سنووری دەریاچەی دەربەندیخان باریوە. ئەوەش لە تێکڕای سنووری دەربەندیخان زیاترە، کە خۆی 600 ملیمەتر دەبارێت. ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە رێژەیەکی باشی ئاو کۆبێتەوە."
دوایینجار پێنج ساڵ لەمەوپێش ئاوی بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ بوو. بارانی زۆری ئەم ساڵ وایکردووە، بەنداوەکە پڕ ئاو بێت و تەنیا 23 سانتیمەتری بمێنێ تا سەرڕێژ بێت.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 10٪ بۆ 20٪ـی ئاوی پیسی هەرێمی کوردستان پاکدەکرێتەوە. واتە 80٪ـی ئاوی پیسی دیکە دەڕژێتە نێو بەنداو و سەرچاوەکانی ئاو.