لە مهاباد پەیکەر بۆ ناوداران دروستدەکرێت، بەڵام ناودارترینیان بێبەشکراوە


رووداو دیجیتاڵ 

شەش پەیکەرسازی ناسراو و کارجوانی کوردستان و ئێران لە سیمپۆزیۆمێکدا لە مهاباد بەشدارن بۆ دروستکردنی پەیکەری بەشێک لە ناودارانی شارەکە.
 
پەیکەرسازان هادی زیائەدینی، مەهدی زیائەدینی، ناسر خاوەرزادە، بیژەن خونچەپوور، رەزا قەرەباخی و بەشیر ناسری پەیکەری مامۆستایانی ناودار هەژار، هێمن، محەممەد ماملێ، مەلا غەفوور دەباغی، خاڵەمین بەرزنجی و محەممەد قازی دروست دەکەن.
 
رەزا قەرەباخ، پەیکەرسازە و دەڵێت، "شانازی بەوە دەکەم، جلوبەرگی رەسەنی کوردیم لەبەرکردووە و کار لەسەر دروستکردنی پەیکەری مەلا غەفوور دەباغی، شاعیری دیار و ناوداری مهاباد دەکەم."
 
سیمپۆزیۆمی پەیکەرسازیی مهاباد لە 20ی نیسانەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 29ی مانگ بەردەوام دەبێت. رۆژانە هاونیشتمانییان دەتوانن لە کاژێر 04:00 تاوەکو 08:00ی شەو سەردانی شوێنی بەڕێوەچوونی سیمپۆزیۆمەکە بکەن و بەرهەمەکان ببینن و پەیکەرسازان بدوێنن.
 
پەیکەرەکان لە مادەی فایبەرگلاس دروستکراون و بڕیارە لە دوارۆژی سیمپۆزیۆمەکەدا تەواو بکرێن. دواتر نموونەی دیکەیان لێ هەڵدەگیرێتەوە و لەنێوشار و شوێنی گشتیی مهاباد دادەندرێن.
 
شارەوانی و ئەنجوومەنی شاری مهاباد سیمپۆزیۆمی پەیکەرسازیی شارەکە بەڕێوە دەبەن و دروستکردنی پەیکەر بۆ بەشێک لە ناودارانی شارەکەیان پشتگوێ خستووە. هەرە دیارترینیان، پێشەوا قازی محەممەدە.