باڵیۆزخانەی ئەمریکا سووتاندنی نووسینگەی پەدەکەسە لە قامشلۆ سەرکۆنە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا سووتاندنی نووسینگەی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان سەرکۆنە دەکات و داوا لە دامودەزگاکانی ناوچەکە دەکات، هێرشکارەکان رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێنەوە.
رۆژی چوارشەممە، پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) رایگەیاندبوو، گرووپێکی چەکدار هێرشی کردووەتە سەر نووسینگەکەیان لە قامشلۆ و سووتاندوویانە. هەروەها نووسینگەی پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردستان- سووریا (پەیەدەکەسە) لە شارۆچکەی لە رۆژهەڵاتی قامشلۆش سووتنێرا و لە هەمان شارۆچکە هەوڵی سووتاندنی نووسینگەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد - سووریا (ئەنەکەسە)ش درا.
پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان هێرشەکانیان خستووەتە ئەستۆی گرووپێکی چەکداری "جوانێن شۆڕەشگێر" کە سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە.
لەو بارەیەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا دەڵێت، "ئێمە سەرکۆنەی سووتاندنی نووسینگەکانی پەدەکەسە لە قامشلۆ دەکەین."
باڵیۆزخانەکە کە لە شوباتی 2012ـەوە بەهۆی جەنگی نێوخۆی سووریا هەموو کارێکی کۆنسڵگەریی هەڵپەساردووە، دەڵێت، "پێویستە هێرشی سەر نووسینگە و پارتە سیاسییەکان لە باکووری سووریا" کە مەبەست لێی رۆژئاوای کوردستانە، "بوەستێنرێن و ئەوانەی بەرپرسیاریشن پێویستە رووبەڕووی بەرپریسیارێتی بکرێنەوە."
باڵیۆزخانەی ئەمریکا هەروەها رایدەگەیێنێت، "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین گفتوگۆی واتادار بکەن بۆ پێشخستنی خواستەکانی خەڵکی سووریا دوور لە توندوتیژی."
هێرشەکان زیانی بەرچاوی مادی لێکەوتەوە بێ ئەوەی زیانی گیانیان هەبێت.
رۆژی چوارشەممە، ئەنەکەسە لە راگەیێندراوێکدا داوای لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردبوو، رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ وەستاندنی ئەم کارانە.
ئەنەکەسە پێیوایە "جوانێن شۆڕشگێڕ" پەیوەندییان بە پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)وە هەیە کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریایە، کە سنوورێکی بەرفراوانی رۆژئاوای کوردستان و بەشێکی باکووری سووریا دەگرێتەوە.
واشنتن پێشتر وەک نێوەندگیری لە دانوستاندنی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدەدا کاری دەکرد، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی ناکۆکییەوە گفتوگۆکان وەستاون. وێڕای ئەوەی یەک دەیە لەمەوبەر پڕۆسەکە دەستێپێکردبوو، بە سڕکراوی مایەوە، تاوەکو لە ساڵی 2019 چووە قۆناخێکی نوێوە.
لەم ساڵانەی دواییدا، دەیان نووسینگەی ئەنەکەسە و پارتە ئەندامەکانی لە رۆژئاوای کوردستان کەوتوونەتە بەر هێرش.
ئەو پارتە ئۆپۆزیسیۆنانە پەنجەی تۆمەتیان بۆ پەیەدە درێژکردووە، بەڵام پارتە فەرمانڕەواکە تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە.
سلێمان ئۆسۆ، بەرپرسی ئەنەکەسە، رۆژی چوارشەممە بە رووداوی راگەیاند، "لە 1ی ئادارەوە، 9 نووسینگەی سەر بە ئەنەکەسە لە لایەن چەکدارانی سەر بە پەیەدەوە سووتێنراون. ئەوان نکوڵی لە بەرپرسیارێتیی خۆیان دەکەن، بەڵام بڕوایان پێ ناکەین. دەزانین چییان دەوێت. دەیانەوێت ئێمە دەستبەرداری چالاکیی سیاسی بین و ئێمە قەدەخە بکەن."
واشنتن پێشتریش چەند هێرشێکی سەر نووسینگەکانی ئەنەکەسەی سەرکۆنە کردووە.