پەرلەمانتارێکی پارتی: نەینەوا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدا نەماوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لەدوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە پارتی دەسەڵاتی لە نەینەوا نەماوە. دەشڵێت، ئێستا ناوچەکە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقیشدا نییە و بە سێ سەرۆکوەزیران نەیانتوانی یەک لیوای حەشدی شەعبی لە موسڵ دووربخەنەوە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی: "ئێمە داوامان کردووە بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک لە پۆستەکەی بەردەوامبێت تاوەکو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکرێت، بەڵام پیلانگێڕی سیاسی دژی پارتی دیموکراتی کوردستان کرا و بۆ دژایەتی کورد و وەک موزایەدەی هەڵبژاردن لە قەزا و ناحیەکانی موسڵ کێشە بۆ بەرپرسە کارگێڕییەکان دروستدەکرێت".
ئەو گوتانەی دووبەردانی لەکاتێکدان، رۆژی دووشەممە 24-04-2023 پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی لە دەشتی نەینەوا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا یاداشتێکی ناڕەزایی فەرمییان بڵاوکردەوە لەبارەی گۆڕینی بەڕێوەبەری ناحیە و بەرپرسانی کارگێڕیی قەزاکانی دەشتی نەینەوا و بە هەوڵێک بۆ نانەوەی کێشە لەنێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکەیان زانی.
نوێنەرانی پارتی لە بازنەی نەینەوا هۆشداری لەبارەی دۆخی دەشتی نەینەوا دەدەن و دەڵێن، ژمارەیەک کەس و لایەنی سیاسی، دەیانەوێت کێشە و ناکۆکی لەنێوان لایەن و پێکهاتەکانی شارەکە دروست بکەن.
شەریف سلێمان، یەکێکە لە نوێنەرانی پارێزگای نەینەوایە و لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی: ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی، لەدژی هەر گۆڕانکارییەکی ئیدارین کە جیاوازی لەنێوان پێکهاتەکاندا بکات.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی بڕیارە سیاسی و کارگێڕییەکان لە نەینەوا دەڵێت "ئێستا نەینەوا لەدەستی حکومەتی عێراقیشدا نەماوە، لەماوەی رابردوودا سێ سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بڕیاریان دەرکردووە بۆ دوورخستنەوەی یەک لیوای حەشدی شەعبی لە موسڵ، بەڵام بڕیارەکەیان جێبەجێ نەکراوە".