نوێنەری پارتی سۆسیال دیموکرات لە تاران: ئێرانییەکان راهێنانیان بە بەشێک لە پێشمەرگەکانمان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ئێران لەبارەی بڵاوبوونەوەی ژمارەیەک گرتەی ڤیدیۆیی راهێنانپێکردنی بەشێک لە پێشمەرگەکانی حیزبەکەی لە سۆشیاڵ میدیا دەڵێت: راستن، بەڵام کۆنن و هیی کاتی سەردەمی شەڕی داعشن.
رۆژی دووشەممە 24-4-2023، مەلا لوقمان پێنجوێنی، نوێنەری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ئێران، لەبارەی گرتە ڤیدیۆکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە دڵنیاییەوە ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوبوونەتەوە دروستن و بەشێک لە پێشمەرگەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانن، راهێنەرەکانیش راوێژکاریی سەربازیی کۆماری ئیسلامی ئێرانن. ئەو راهێنانە ماوەی 20 تاوەکو 25 رۆژی خایاند و تێیدا سێ راوێژکاری سەربازیی ئێرانی مەشق و راهێنانیان بە پێشمەرگەکانی ئێمە کرد."
مەلا لوقمان پێنجوێنی گوتی، "دەبێت ئاماژە بەوەش بکەین کە راهێنانەکە نوێ نییە، بەڵکو بۆ ساڵی 2017 دەگەڕێتەوە، ئەو کاتەی داعش هێشتا مەترسیی زۆری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان هەبوو."
سەبارەت بە راوێژکارە ئێرانییەکانیش، نوێنەرەکەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ئێران رایگەیاند، "ئەو راوێژکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوشێوەی زۆرێک لە راوێژکارانی وڵاتانی دیکە وەک بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمریکا هاتن بۆ هەرێمی کوردستان و راهێنانیان بە بەشێک لە پێشمەرگەکانی ئێمە کرد."
لە 23ـی ئەم مانگەوە چەند وێنە و گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە و تێیاندا ژمارەیەک پێشمەرگەی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە گوندی گوڵەخانەی دەڤەری شارەزوور دەبینرێن کە لەلایەن چەند راوێژکارێکی ئێرانییەوە مەشقی سەربازییان پێدەکرێت.
مەلا لوقمان پێنجوێنی لەبارەی راوێژکارە سەربازییەکان گوتی، "شارەزایی باشیان هەیە و بەشێکی زۆری ئەوانەش راهێنانیان پێکراوە پاسەوانەکانی کاک محەممەدی حاجی مەحموود بوون کە هەموو لایەک دەزانێت ئەو لە شەڕی داعش بەشدارییەکی چالاکی هەبوو و شەهیدشیمان لەو پێناوەدا دا."
لە شەڕی دژی داعشدا لە ساڵی 2014 تاوەکو 2019، هەزار و 720 پێشمەرگە شەهید و 10 هەزار و 729 پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.
سەبارەت بە فەوجەکەی حیزبەکەشیان، مەلا لوقمان پێنجوێنی بە رووداوی گوت، "ئەو هێزەی ئێمە لە نزیکەی 550 پێشمەرگە پێکدێت و لەسەر یەکەی هەشتایە؛ چاوەڕوانی ئەوەین بخرێتە سەر وەزارەتی پێـشمەرگە."