هاوڕێیەکی: شیفا گەردی زۆربەی هاوپیشە پیاوەکانی تێپەڕاندبوو

 
رووداو - هەولێر

"مردنی شیفا زیانێکی گەورەی بە رۆژنامەگەریی کوردی گەیاند،" ئەمە قسەی هەژان خالیدە، لە سەردەمێکدا کە شیفا گەردی بەڕێوەبەری ئاوتپووتی رووداو بوو، هەژان لە بەشی دیجیتاڵ پۆرتاڵی رووداو کاری دەکرد، ناچار بووە بەشێک لە وێنە و ڤیدیۆکانی تایبەت بە شەهیدبوونی شیفا دابنێت.
 
هەژان خالید، رۆژنامەڤان و هاوڕێی شیفا گەردی دەڵێت، "یەکێک لە تایبەتمەندییە جوانەکانی کە هەیبوو، ئەوە بوو کە هەرگیز کۆڵی نەدەدا. ئێمە بەردەوام بەراوردی ژنانی رۆژنامەنووس دەکەین لەگەڵ پیاوان، بزانین کامیان باشترن. بەڕاستی شیفا نموونەیەک بوو کە زۆربەی زۆری هاوپیشە پیاوەکانمانی تێپەڕاندبوو، بەتایبەتی لە حەزی فێربوون و دۆزینەوەی راستییەکان و گەڕان. ئەوەی پاڵی بە شیفاوە نا کە بڕوات، ئەو حەز و ویستە بوو."
 
شەهید شیفا گەردی، بەرپرس و رۆژنامەڤانێکی بوێری تۆڕی میدیایی رووداو بوو، ساڵی 2017 لەكاتی تۆماركردنی بەشێكی بەرنامەکەی (فۆکەس موسڵ)، بەهۆی تەقینەوەی مینێكی چێندراوی داعشەوە لەسەر چاڵی خەسفە، كە شوێنی تاوانكارییەكی داعش بوو، گیانی لەدەست دا و لە گۆڕستانی شێروان مەزن بە خاک سپێردرا.
 
زەینەب سندی، ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسان دەڵێت، "بۆ یەکەمجار بوو کە کچێکی کورد بتوانێت لە بەرەی جەنگ ببێتە پەیامنێر. ئێمە هەمیشە بینیبوومان کە رۆژنامەڤانانی پیاو دەچنە بەرەی جەنگ بۆ رووماڵ؛ بەڵام شیفا ئەم رێچکەیەی شکاند، ئێستا زۆر رۆژنامەڤان دەبینین دەچنە بەرەکانی جەنگ لە ئۆکراینا و جێگەی دیکە. ئەمە جێگەی شانازییە بۆمان و سەرمان پێیان بڵندە."
 
لەدوای شەهیدبوونی شیفا گەردی، 76 ژنی رۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهان لەکاتی رووماڵی شەڕدا گیانیان لەدەست داوە.
 
نەرم و نیانی لە ئاکاری شیفا گەردی، بوێری و خێرایی لە کار وایکرد شیفا گەردی ببێتە سیمبوولی ئازایەتی و بوێریی رۆژنامەڤانی ژن لە کوردستان و جیهان و تۆڕی میدیایی رووداو ساڵانە خەڵاتی شەهید شیفا بداتە باشترین رۆژنامەڤانی ژن، کە رووماڵی بەرەکانی شەڕی کردبێت.