زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی دەرماڵە چاوەڕوانی رێنوێنی وەزارەتی دارایین
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 22ی ئەم مانگە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا مانگانە زیاتر لە حەوت ملیار دینار وەک پاڵپشتی (دەرماڵە) بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان خەرجبکات. زانکۆی سلێمانی دەڵێت، "لە سەرەتای ساڵی خوێندنەوە تاوەکو کۆتایی مانگی شەش، دەرماڵە بۆ خوێندکاران خەرجدەکرێت." زانکۆی سەلاحەدینیش دەڵێت: "بۆ کاتی دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە چاوەڕوانین وەزارەتی دارایی رێنمایی دەربکات."
رۆژی چوارشەممە 22-2-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیدا لەسەر بەردەوامی و خەرجکردنی زیاتر لە حەوت ملیار و 250 ملیۆن دیناری مانگانە وەک پاڵپشتی بۆ قوتابییان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزاری بەشە ناوخۆییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2022 و 2023.
بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، ئەم گوژمەیە ھاوشێوەی ساڵی خوێندنی 2021 و 2022ە و لەسەر بودجەی زانکۆ و پەیمانگاکان تەرخاندەکرێت.
رۆژی شەممە 25-2-2023، د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، دەبێت دەرماڵەی خوێندکاران لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە تاوەکو 1ی 7 خەرجبکرێت، بەگوێرەی ئەوەی ئێستاش سێ مانگی خوێندن تێپەربووە؛ کەواتە دەرماڵەی سێ مانگی سەرەتا دوادەکەوێت."
د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نزیکەی 21 هەزار خوێندکاری زانکۆی سەلاحەدین لە پاڵپشتی دارایی سوودمەند دەبن. دەشڵێت، لیستیان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی ئەو پاڵپشتییە داراییەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن، بەڵام چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتی دارایین.
بڕی پاڵپشتییە داراییەكە 40 هەزار دینارە بۆ خوێندكارانی ناوشار و 60 هەزار دیناریش بۆ قوتابییانی دەرەوەی شار. پێشڕەو حەمەجان گوتی: "تاوەکو ئێستا کاتی دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکاران دیار نییە و تەنیا بڕیارەکەمان بینیوە، چونکە ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت بنێدرێت بۆ وەزارەتی دارایی و دواتر ئەوان رێنمایی بۆ دەربکەن و بینێرن بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوکات زانکۆکان ئاگادار دەکرێنەوە لەوەی کەی دەست بە دابەشکردنی دەرماڵەکە بکرێت."
دوای ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەشە ناوخۆییەکانیان و گەڕاندنەوەی دەرماڵەکانیان، ئەنجوومەنی بڕیاری دا بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 زیاتر لە شەش ملیار دینار وەکو هاوکاریی مانگانە بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان خەرج بکات.