لە 8 پارێزگای باکووری کوردستان بەفر رێگەی 591 گوند و کێڵگەی کشتوکاڵی داخستووە
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، ئیدر، قەرس، ئاگری، وان، موش، بەدلیس و جۆلەمێرگ ـی باکووری کوردستان بەفر رێگەی 591 گوند و کێڵگەی کشتوکاڵی داخستووە.
لە پارێزگای ئەرزەڕۆم بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی 30 گوند و کێڵگەی کشتوکاڵی داخران. لە پارێزگای ئیدر رێگەی 120 گوند و کێڵگەی کشتوکاڵی، لە پارێزگای ئاگری رێگەی 122 گوند و کێڵگەی کشتوکاڵی و لە پارێزگای قەرسیش رێگەی یەک گوند داخراون.
لە پارێزگای وان لە دوێنێوە رێگەی 429 گوند و کێڵگەی کشتوکاڵی بەڕووی هاتووچۆدا داخرابوون، ئەمڕۆ رێگەی 228 گوند کرانەوە و تیمەکانی شارەوانیی وان و بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان لەو پارێزگایەدا بەردەوامن لە کارکردن بۆ کردنەوەی رێگەی 201 گوند و کێڵگەی کشتوکاڵی دیکە.
لە پارێزگای موش رێگەی 38 گوند و کێڵگەی کشتوکاڵی، لە پارێزگای بەدلیس رێگەی 53 گوند و کێڵگەی کشتوکاڵی و لە پارێزگای جۆلەمێرگ ـیش رێگەی 89 گوند و کێڵگەی کشتوکاڵی داخراون.
تیمەکانی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان لەو هەشت پارێزگایەدا دەستیان کردووە بە راماڵینی بەفری سەر رێگەکان.
لە زۆربەی پارێزگاکانی باکووری کوردستان بەفربارین بەردەوامە. داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت لە بەرامبەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی خراپی کەشوهەوا رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.