بەفربارین لە لوڕستان خوێندن لە قوتابخانەکان رادەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
بارینی بەفر و دابەزینی پلەی گەرما لە پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دوو پارێزگای ئێران بووە هۆی راگرتنی خوێندنی بەشێک لە قوتابییان و هەروەها هاتووچۆش لە هەندێ لە رێگەکاندا وەستاوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای لوڕستان بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 24-12-2022 رایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفر و دابەزینی پلەی گەرماوە، خوێندن لە قۆناخی بنەڕەتی لە شارەکانی دولفان، ئەزنا، درود و بروجێرد وەستاوە.
لە شاری ئەلیگودەرز، جگە لە قوتابخانەکانی قۆناخی بنەڕەتی، قوتابخانەکانی قۆناخی ئامادەییش خوێندن تێیاندا وەستا.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستانیش ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، هەر کەس دەیەوێت بە ئۆتۆمبیل لەو پارێزگایەوە بۆ شوێنێکی دیکە بچێت، دەبێت پێداویستیی تەواوی گەشتکردنی هەبێت، لەوانە زنجیری تایە.
بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای پارێزگای لوڕستانیش دەڵێت، بەهۆی بارینی بەفر و بارانی بەخوڕەوە لە هەندێ لە شارەکاندا کارەبا بڕاوە و لەبەر بەردەوامبوونی بارینی بەفر و باران، نازانرێت چ کاتێک ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت.
بەپێی راپۆرتی کەشناسیی لوڕستان، شەپۆلی بارینی باران و بەفر لە رۆژی پێنجشەممەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو درەنگانی ئەمشەو بەردەوام دەبێت.
هەروەها لە پارێزگای ئیسفەهان بەهۆی بارینی بەفرەوە خوێندن لە قوتابخانەکانی پێنج شار و لە پارێزگای زەنجانیش خوێندن لە قۆناخی بنەڕەتی هەموو شارەکانی ئەو پارێزگایە وەستا.