ئانۆ جەوهەر: کریستیانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئیرەیی بە کریستیانەکانی کوردستان دەبەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە کریستیانەکان کرد و رایگەیاند: "ئەو پێکەوە ژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە نموونەیەکی جوانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست." هەروەها وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستانیش گوتی: "بەهۆی ئەو پێکەوە ژیانەی کە هەیە کریستیانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئیرەیی بە کریستیانەکانی کوردستان دەبەن."
رۆژی شەممە 24-12-2022، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان (کە کریستیانە)، بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی زایینی و جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (د. خ) لە کەنیسەی مەریەم عەزرا لە عەینکاوە ئامادەبوو و سوپاسی هەموو ئەو بەرپرسانەی کرد کە لە قەزای عەینکاوە بەشدارییان لە یادەکەیان کردووە و بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "ئەو پێکەوە ژیانەی لە کوردستان هەیە لە باوباپیرانمان ماوەتەوە و بابەتێکی دەگمەنە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئەمە بەخوێنی شەهیدان دروستبووە."
بە گوتەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، مامۆستایانی ئاینی و وەزارەتی ئەوقاف رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە دروستکردنی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و گوتی: "دەتوانم بڵێم کریستیانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئیرەیی بە کریستیانەکانی کوردستان دەبەن لەبەر ئەوەی لەناو کوردی موسڵمان دەژین."
چەند رۆژێکی دیکە جیهان ماڵئاوایی لە ساڵی 2022 و پێشوازی لە ساڵی 2023ـی زایینی دەکات. نزیکەی دوو ملیار و 140 ملیۆن کریستیانی رۆژئاوایی و بەشێک لە کریستیانە رۆژهەڵاتییەکان، 25ـی کانوونی یەکەم بە رۆژی کریسمس یان رۆژی لەدایکبوونی پەیامبەر عیسا (د.خ) دادەنێن.
کریستیانەکانی جیهان بە گشتی شەوی پێش کریسمس یان لە رۆژی کریسمس بۆ نزاکردن و گوتنەوەی سرووتی ئایینیی تایبەت بە لەدایکبوونی عیسای مەسیح (د.خ) دەچنە کەنیسە.
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، وەکو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، پارێزگاری هەولێر، قایمقام و بەڕێوەبەری گشتی سەردانی سەرجەم کەنیسەکانی قەزای عەینکاوەیان کردووە و "پیرۆزباییەکی گەرم لە خوشک و برایانی مەسیحی لە هەرێمی کوردستان و هەموو جیهان دەکەین، بەبۆنەی رۆژی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح."
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی ئاماژەی بەوەکرد: حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەو پێکەوە ژیانە جوانەی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و خودی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانیش بەردەوام جەختیان لەوە کردووەتەوە کوردستان نموونەیەکی "زۆرجوانە لە رۆژهەڵاتی نێوراست."
بە گوتەی وەزیری ئەوقاف، نزیکەی 90٪ی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان دەژین و بەهۆی ئەو پێکەوە ژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە ئێستا لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان "خوشک و برایانی مەسیحی" بە ئازادی ئەو یادە پیرۆزە بەرز رادەگرن.
پشتیوان سادق، سوپاسی "مامۆستایانی ئایینیی ئیسلام و ئایینەکانی دیکەی کرد" کە هاوکارن لە دروستکردنی ئەو پێکەوەژیانە لە هەرێمی کوردستان و "ئەم کولتوورە جوانە بە هەوڵ و ماندووبوونی هەموو لایەک دروستبووە و پێویستە هەمووان بیپارێزن و شانازی پێوەبکەن."