لە گوندێکی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپێشاندان کرا و چوار ژن بە گوللـە بریندار کران

رووداو دیجیتاڵ

لە خۆپێشاندانێکدا لە گوندی کۆتۆلی رۆژهەڵاتی کوردستان، گرژی لەنێوان خۆپێشاندەران و پاسەوانی سنوور دروست بوو، لەئەنجامدا چوار ژنە خۆپێشاندەر بە گوللـە بریندار کران.
 
دانیشتوویەکی گوندی کۆتۆل بە رووداوی راگەیاند، دوێنێ (شەممە، 23-11-2024) لە گوندی کۆتۆل خەڵک لەدژی هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی پارچە زەوییەکی بازرگانی، خۆپێشاندانیان کرد، بەڵام لەلایەن پاسەوانی سنووری ئێرانەوە تەقەیان لێکرا و چوار ژن بریندار بوون کە برینی یەکێکیان سەختە و لە ژێر چاودێریی چڕدایە.
 
ئەو هاونیشتمانییە کە لەبەر دۆخی ئەمنی، داوای کرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، هەروەها گوتی، ئەو ژنەی برینەکەی سەختە، چوار گوللـەی بەرکەوتووە، سێ ژنەکەی دیکەش هەریەکەیان لەنێوان یەک بۆ دوو گوللەیان بەرکەوتووە.
 
جگە لە بریندارکردنی هاونیشتمانییەکان، هەروەها  8 کەسی دیکەی گوندەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، چوار لە دەستبەسەرکراوەکانیش ژنن.
 
هاونیشتمانییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە ئەمڕۆ وەک ناڕەزایەتی لەدژی بریندارکردنی ئەو ژنانە و دەستبەسەرکردنی ژن و پیاوی ئەو گوندە، خەڵکی کۆتۆلی دووبارە خۆپێشاندان بکەن.
 
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە ئەو پارچە زەوییەی کێشەی لەسەر دروستبووە، بەهاکەی 100 ملیۆن دۆلارە.