لەگەڵ رەنج؛ بۆچی وەچەخستنەوە بەرەو كەمبوونەوە چووە؟

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرنامەی لەگەڵ رەنجی ئەم هەفتەیە، تایبەتبوو بە کەمبوونەوەی وەچە خستنەوە و کاریگەرییەکانی. مەحموود عوسمان، سەرۆكی ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی ‏‏سەرژمێری  جەختی لەوە دەكردەوە كە تەعریب هۆکارە ‏بۆ ئەوەی ژمارەی عەرەب لە كەركووك زیاد بێت نەك وەچە خستنەوەی زۆر و دەڵێت: لە كەركووك ژمارەی ‏لەدایكبوونی كورد ‌و عەرەب نزیكە لە یەكترییەوە. 
 
د. هۆگر مەحموود، مامۆستای زانكۆی سلێمانی ‏نوێنەرایەتی بۆچوونی جیاوازە و پێیوایە "پێویستە كورد بەتایبەت لە ‏ناوچە كێشەلەسەرەكان وەچەی زۆر بخاتەوە تاوەكو كێبڕكێ‌ لەگەڵ نەتەوەی ‏عەرەب بكات. 
 
ئەو مامۆستایەی زانكۆی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەكات، ‏جۆرە بنێشتێك هێنراوەتە كوردستانەوە کە هۆكارە بۆ تێكدانی هاوسەنگی هۆڕمۆنی ئافرەت، بۆ ئەوەش باس لە نووسراوێكی نهێنی دەكات.‏
 
مامۆستایەكی ئایینیش بۆچوونی وایە، ئەگەر حكومەت داوای منداڵی زیاتر ‏دەكات، پێویستە سەرەتا سەركردە و بەرپرسەكان پێوەی پابەندبن. ‏بەڕێوبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانیش ئەوە ناشارێتەوە كە رێژەی ‏منداڵبوون بە تایبەت لە سلێمانی زۆر كەمیكردووە لەوەش مەترسیدارتر باس ‏دەكات دەڵێت "رێژەی منداڵ بوون لە سلێمانی بە نەشتەرگەری گەیشتووەتە ‏‏65% ئەوە زۆر مەترسیدارە". 
 
 
دەوڵەمەندەكان منداڵی كەم ‌و هەژارەكانیش منداڵی زۆریان ‏دەبێت
 ‏
مەحموود عوسمان، سەرۆكی ‏ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی ‏سەرژمێری ئەوەی خستەڕوو،‏ وەچەخستنەوە نەك لە ‏كوردستان دا، بەڵكو لەسەر ئاستی دنیاش كەمبووتەوە. "وڵاتانی ‏ئەورووپی خەریكە گەشەی دانیشتووانیان دەبێتە سفر". 
 
بەرپرسەكەی سەرژمێری ئەوەشی خستەڕوو، خێزانە دەوڵەمەندەكان ‏منداڵی كەمتر دەبێت ‌و خێزانە هەژارەكان زیاتر، بۆیە منداڵ ‏خستنەوەی زۆر یان كەم، كەمتر پەیوەندی بە داهاتەوە ‏هەیە.‏
 
مەحموود عوسمان باس لەوەش دەكات، لە دوای 2018وە، رێژەی گەشەی ‏دانیشتووانی 15پارێزگاكەی عێراق لە 4ـەوە بۆ 2.5 دابەزیوە، رێژەی ‏گەشەی دانیشتووانیش  لە هەرێمی كوردستان 2.3 یە. 
 
گوتیشی: "لەسەر ‏ئاستی هەرێمی كوردستان كەمترین رێژەی لەدایكبوون لە سلێمانییە ‌و ‏لە دهۆكیش جاران زۆرترین منداڵ لەدایكبووە و كێبڕكێی لەگەڵ ئەنبار دەكرد، ‏بەڵام ئێستا وەها نەماوە لەوێش بەرەو دابەزین چووە."‏ 
 
‏‏ خەرجیی خێزان لە 2013دا چەند بووە؟
 
مەحموود عوسمان ئاماژەبەوەش دەكات، باشترین باری ژیانی خەڵكی ‏هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013بوو، خەرجی خێزان بە گشتی ‏‏دوو ملیۆن و 260 هەزار دینار بوو، هەر لەو ساڵەدا رێژەی هەژاری بۆ 3% كەمببووەوە.
 
‏مەحموود عوسمان ئەوە ناشارێتەوە؛ پێشتر لە گوندەكانی كوردستان دا ژن ‏هەبووە 10بۆ 12منداڵی بووە، "بەڵام ئەوە بووە رابردوو." دەخوازێت لە ‏ناوچە كێشەلەسەرەكانیش مادەی 140 بەزوویی جێبەجێ‌ بكرێت بۆ ئەوەی "لەو ناوچانەش رزگارمان بێت لەوەی داوای منداڵی زیاد لە ‏خەڵكی بكەین". 
 
مەحموود عوسمان ئەوە ناشارێتەوە كە لەمەودوا بەپێی ‏سەرژمێری بودجەی پارێزگاكان دیاری دەكرێت. گوتیشی: "ئینشائەڵڵا ‏بودجەمان لە جاران كەمتر نابێت". هەر بەپێی قسەی بەرپرسەكەی ‏سەرژمێری قەبارەی خێزان بە گشتیی لە عێرق دا كەمیكردووە.
مەحموود عوسمان دەڵێت: "قەبارەی خێزان لە هەولێر 5.5ـە، لە سلێمانی ‏5ـە و لە دهۆكیش لە 9 دابەزیوە بۆ 6. زۆرترین هەژاریش لە دهۆكە ‏چونكە منداڵیان زۆر دەبێت".‏
 
لەدایكبوونی كورد لەناوچە كێشەلەسەرەكان چۆنە؟
 
مەحموود عوسمان ئەوەشی خستەڕوو، لە دایكبوونی كورد لە ناوچە ‏كێشەلەسەرەكان نزیكە لە خێزانە عەرەبەكانەوە. مەحموود عوسمان ئەوەش ‏رووندەكاتەوە کە لە كامپی ئاوارەكانی سلێمانی خێزان هەبووە لە سێ‌ ژن ‏‏18منداڵیان بووە. 
 
گوتیشی: لە كەركووك ئەگەر تەعریب نەكرێت سێ‌ ‏نەتەوەكە (كورد ‌و عەرەب ‌و توركمان) وەكو یەكن. لە رابردوو هەمیشە رێژەی ‏كورد زۆرتر بووە، بۆ نموونە؛ لە1957 دا رێژەی كورد لە كەركووك 48% ‌و ‏عەرەب 27% ‌و توركمانیش 21% بووە، بەڵام  بەعس لە 20ساڵدا رێژەی ‏عەرەبی 27% گەیاندبووە 75%، ئەوەش بە تەعریب نەك بەمنداڵ ‏خستنەوە."
 
سەبارەت بە گەشەی دانیشتووانی كوردیش بەتایبەت تاوەكو ‏ساڵی  2040 گوتی: "ئەو كاتە رێژەی گەشەی دانیشتووانی كورد دەبێتە ‏‏1.8‌ وعەرەبیش دادەبەزێ‌ بۆ دوو، بەڵام ژمارەشمان دەگاتە هەشت ملیۆن ‏كەس، راستییەكیش هەیە دەبێت هەمیشە لەبەرچاومان بێت بمانەوێ‌ یان ‏نا عەرەب 80% دانیشتووانی عێراق پێكدەهێنێت."
 
پرسیاری هەستیار ‌و سەرجێی دەكرێت؟
 
‏ سەرۆكی ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی ‏سەرژمێری ‏ئاماژە بەوەش دەكات، لەم ‏سەرژمێرییەدا پرسیاری زۆر هەستیار ناكەن، بەڵام لە رووپێویدا سەرژمێرە ‏ئافرەتەكان پرسیاری زۆر تایبەت لە ژنان دەكەن، بەبێ‌ ئەوەی ناویان ‏لەگەڵ زانیارییەكاندا تۆمار بكەن. "لە ئەورووپاش پرسیارە ‏هەستیارەكان بەبێ‌ ناو تۆمار دەكرێت". 
 
هەر بەپێی ئامارەكانی دەستەی ‏ئامار، تاوەكو 50 ساڵی دیكەش هەرێمی كوردستان پێویستی بە هێزی كاری ‏دەرەكی نابێت، چونكە دەرچوویەكی زۆری زانكۆكان هەن كە بێكار ‏دەمێنێنەوە.‏
 
ساڵانە لەدایكبوون لە ‏هەرێمی كوردستان زیاد دەكات، بە جۆرێك لە 2020دا ‏‏147هەزار لەدایكبووون هەبووە، لە 2030دا دەبێت 166هەزار ‌و لە ‏‏2040دا دەگاتە 168 هەزار.
 
بە گوتەی مەحموود عوسمان: "تاوەكو 2050 كۆمەڵگایەكی گەنج دەمێنینەوە هەموو وڵاتكیش ئەوەی ‏نییە. بەڵام لەبەر كەمبوونەوەی رێژەی مردن خەڵكانی بەتەمەنیش زیاد ‏دەكات. ئێستا 288هەزاركەسی 65 ‏ساڵ ‌و سەرووترمان هەیە". 
 
بەرپرسەكەی سەژمێری، ‏ئاماری دوو نەخۆشیی باوی لە پارێزگای سلێمانی خستەڕوو و گوتی: "لە ‏سلێمانی 16هەزار كەس نەخۆشی شەكرە ‌و 22هەزار كەس گوشاری خوێنیان هەیە، ‏بۆ دوو ملیۆن ‌و 500 هەزار كەسی پارێزگاكە ئەوە زۆر ‏نییە"‏
 
 
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێ‌ خێزانێک چەند منداڵی ‏هەبێت؟
 
تاوەكوئێستا روون نییە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێ ‏خێزانی كورد چەند منداڵی هەبێت؟ مەحموود عوسمان وەڵامی ئەو ‏پرسیارەی لایە و دەڵێت: "حكومەت لەگەڵ ئەوەدایە قەبارەی خێزان پێنج ‏كەس بێت."
 
بە گوتەی مەحموود ‏عوسمان، 97% منداڵانی تەمەن شەش ساڵان دەچنە قوتابخانە، ئێستا زیاتر لە ملیۆنێك ‌و 500هەزار خوێندكاری بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان هەن، جگە لەوە هەر ‏لە پارێزگای سلێمانی دا 46 هەزار خوێندكاری زانكۆ هەن کە لە 15 زانكۆ ‏دەخوێنن ‌و ساڵانەش شەش هەزار کەس لە کۆلیژەکانی سلێمانی دەردەچن."‏
 
تێكڕای تەمەن 16ساڵ زیادی كردووە
 
پێشتر تێكڕای تەمەن لە هەرێمی ‏كوردستان 59 ساڵ بوو ژنانیش زیاتر دەمردن، "بەڵام ئێستا هاوكێشەكە ‏تەواو پێچەوانە بووەتەوە ‌و تێكڕای تەمەن گەیشتووەتە 75ساڵ، بە جۆرێك ‏تێكڕای تەمەن بۆ پیاوان 74ساڵ‌ و بۆ ژنانیش 76ساڵە."
مەحموود عوسمان جەختی لەوە كردەوە، كە تەعریب ‏رێژەی عەرەبی لە كەركووك زیاد كردووە نەك وەچەخستنەوەی زۆر. "لە دانیشتنێكدا بە ‏ئەرشەد ساڵحیم گوت ئەو 600 هەزار عەرەبە هاوردەیەی هاتوونەتە ‏كەركووك زیانی بۆ ئێوەش (نەتەوەی توركمان) دەبێت."‏
 
سەبارەت بە رێژەی مردن لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەش بەدواداچوون ‏كراوە. "پێشتر ساڵانە لە هەزار كەس ‏تێكڕا شەش كەسی هەرێمی كوردستان دەمردن، بەڵام ئێستا رێژەكە ‏دابەزیوە بۆ چواركەس،  لە 2030دا دەبێتە سێ‌ كەس، ئەوەش بەهۆی ‏زیادبوونی خزمەتگوزاری تەندروستییە."‏
 
رێژەیەكی مەترسیدار لە سلێمانی تۆمار دەكرێت
 
دكتۆر شلێر غەفوور، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون لە ‏سلێمانی، میوانی بەرنامەی لەگەڵ رەنج بوو. سەرباری ئەوەی دانی بەوەدانا كە رێژەی لەدایکبوون بەتایبەت لە سلێمانی بەرەو كەمبوونەوە چووە، ئەوەشی خستەڕوو ‏رێژەی لەدایكبوون بە نەشتەرگەری ئاستێكی مەترسیداری تۆمار كردووە. "رێژەی منداڵبوون بە نەشتەرگەری لە سلێمانی گەیشتووەتە 65%، ‏ئەوە زۆر مەترسیدارە، لە حاڵەتی ئاسایی رێژەی لەدایكبوون بە نەشتەرگەری ‏دەبێت 15% بۆ 20% بێت". 
        ‏
دكتۆر شلێر غەفوور ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەگەر ژن لە سێ‌ منداڵ زیاتری بوو ‏بە نەشتەرگەری ئەوا كێشەی جەستەیی بۆ دروست دەبێت. "لانیکەم دەبێ دوو ساڵ لەنێوان دوو منداڵبووندا هەبێت."
لەبارەی ئەوەش بۆچی پێشتر ژنان منداڵیان زیاتر دەبوو، بەڵام ئێستا بەو ‏جۆرە نییە؟ ئەوەی بۆ زیاد لە هۆكارێك گەڕاندەوە ‌و گوتی: "ژنانی پێشوو ‏كە منداڵیان زۆر دەبوو، لە ژینگەیەكی باشتردا دەژیان، ژنی ئێستا كە منداڵی ‏دەبێت گوشاری دەروونی زۆر زیاتری هەیە، جاران ژن کە منداڵیان بوو ‏نەدەترسان، بەڵام ئێستا ترسێكی زۆریان هەیە."‏
 
خوار 20 ساڵ ‌و سەروو 40 ساڵ خواستی منداڵیان زۆرە
 
دكتۆر شلێر گوتی "تەمەنی خوار 20ساڵ‌ و ‏سەروو 40 ساڵ زیاتر خواستی منداڵبوونیان هەیە، ئەوەی زۆر مەترسیدارە ‏منداڵبوونە لەو ژنانەی تەمەنیان لە خوار 18ساڵە." سەبارەت بەوەش چ ‏تەمەنێك گونجاوە بۆ منداڵبوون گوتی "لە 19ساڵی بۆ 35 ساڵی ‏باشترین كاتە بۆ منداڵ بوون."
دكتۆر شلێر غەفوور ئەوەش دەخاتەڕوو، بەپێچەوانەی رابردوو لەلای ژنی ‏ئێستا منداڵبوون زۆر ترسناك ‌و ئاڵۆز بووە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون جەخت لەوە دەكاتەوە، هەموو ‏گوشارەكان لەسەر ژنانە. "كاتێك ژنمان لە ماڵ هێنایە دەرەوە بۆ ‏كاركردن، كارەكانی پێشووشی هەر لەسەر شان مایەوە، ئەوەش ‏هۆكارێكی كەمی وەچە خستنەوەیە."
 
دكتۆر شلێر ‏گوتیشی: "ئێستا نەخۆشی شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە باوەكانی کاتی دووگیانی، بۆیە پێویستە ژنان لەو بارەیەوە زۆر ئاگاداری تەندروستی خۆیان ‏بن."‏
 
بنێشتێكی گوماناوی
 
د.هۆگر مەحموود، مامۆستای زانكۆی سلێمانی، پشتگیری ئەو ‏بۆچوونە دەكات كە كورد نەوەی زۆر بخاتەوە تاوەكو ژمارەی زۆربێت لە ‏بەرامبەر نەتەوەكانی دیكە، بە تایبەت لە ناوچە كێشەلەسەرەكان.
 
 د.هۆگر ‏جەخت لەوە دەكاتەوە، لەبەرئەوەی كورد نەتەوەیەكی بندەستە، ‏پێویستە نەوەی زۆر بخاتەوە تاوەكو دوور بێت لە لەنێوچوون. ئەو باسی ‏لەوە كرد، لە یەكێك لە وڵاتانی چواردەورمان بنێشتێكی گوماناوی نێدراوەتە ‏كوردستان بۆ تێكدانی هاوسەنگی هۆرمۆنی ژنان تاوەكو منداڵیان كەم یان ‏هەر نەبێت.
 
ئەو گوتی: "بەپێی نووسراوێكی نهێنی، عێراق ئاگاداری ئەو كارە ‏بووە، بۆیە رێگری لەوە كردووە بچێتە شارەكانی عێراقەوە."
 ‏
هۆگر مەحموود ئەوەشی خستەڕوو، هەر كاتێك زانیبێتیان كورد رێژەی زۆر ‏بووە سەرژمێرییان دواخستووە. "لە حەفتاكاندا خوالێخۆشبوو مەلا ‏مستەفا داوای كردبوو لەسەر بنەمای نەتەوە سەرژمێری بكرێت، ئەو كاتە ‏كورد 40% بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی رێژەی كورد زۆربوو رێگرییان كرد."
بەبۆچوونی د.هۆگر مەحموود، نابێ دڵمان بەو ناوچانە خۆشبێت کە کوردیان تێدایە و بە كوردی قسە ناكەن یاخود نایزانن. "لە 2003دا لە بەسرە 450 هەزار كورد هەبوون، بەڵام ‏ئەوانە ئێستا کوردی نازانن، واتە هیچ سوودێكی نییە."
هۆگر مەحموود ئەو ژمارەیەش بەراست نازانێ‌ كە دەگوترێ‌ "700 هەزار ‏عەرەب لە كوردستان دا هەن" بۆچوونی وایە، ژمارەكە لەوە زیاترە و گوتی: ‏‏"بەپێی بەدواداچوونەكانم 680 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە كوردستان دا ‏بە عەرەب فرۆشراون." ‏
د.هۆگر مەحموود چەند ئامارێكی دیكەی خستەڕوو كە بەڵگەی ئەوەیە رێژەی ‏عەرەب بەردەوام زیاد دەكات. بە نموونە باسی سلێمانی كرد و گوتی "لە ‏‏2020دا 3379 منداڵی نەتەوەی دیكە لەسلێمانی دا لە دایك بوون، لە ‏‏2021دا ژمارەكە بووەتە 6941 منداڵ و لە 2022دا گەیشتووەتە 8683 ‏منداڵ."
مامۆستاكەی زانكۆی سلێمانی باسی لەوەش كرد، ئەگەر ‏هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی رامیاری تەواوی هەبێت كێشە نییە با ‏منداڵیش كەم لەدایك بێت، "بەڵام بەردەوام ئەوان زیادبن ‌و ئێمە كەم؛ لە ‏داهاتوودا ئەگەر هەیە ئێمە ببینە كەمینە نەك لە كەركووك بەڵكو لە هەرێمی ‏كوردستانیش."
 
ئیسلام لەگەڵ ئەوەیە سامانی مرۆیی زیاد بێت
 
ئەحمەد پووشێنی، پێشنوێژ‌و گوتارخوێن كە وەك مامۆستایەكی ئایینی ‏لە بەرنامەكەدا بەشداربوو ئەوەی خستەڕوو، دەبوو زووتر ‌و بە پلان كار لەسەر ‏هۆكارەكانی كەمبوونەوەی لەدایكبوون بكرایە. گوتی: "دەبێت كار لەسەر ‏چۆنێتی منداڵیش بكەین، نەك بەتەنیا چەندێتی."
 
 لەبارەی بۆچوونی ئایینی ‏ئیسلام لەوبارەوە، ئەحمەد پووشێنی ئەوەی روونكردەوە، ئایینی ئیسلام لەگەڵ ‏ئەوەدایە سامانی مرۆیی لە زیادبووندا بێت‎. "بەڵام زیادبوونەكەش ‏نابێت لەسەر چەندێتی بكەوێت، بەڵكو دەبێت مرۆڤی بە كوالێتی پەروەردە ‏بكەین، لەگەڵ ئەوەدام وەچەخستنەوەمان ‏زۆر بێت، ئیسلامیش لەگەڵ ئەوەدایە."
ئەحمەد پووشێنی جەخت لەوە دەكاتەوە، هیچ كاتێك نابێت لە رزقی منداڵ ‏بترسین، چونكە "منداڵ لە ناو سكی دایكی خوای گەورە رزقی دابین كردوە."‏
 
ئەحمەد پوشێنی ئەوەشی لەبیر نەكرد، كاتێك داوای منداڵی زۆر لە خەڵكی ‏دەكرێت، دەبێت سەركردە ‌و بەرپرسەكان لە خۆیانەوە دەستپێبكەن، ئەوجا ‏داوا لە خەڵكی بكەن.
 
ئەو خێزانانەی یەك منداڵیان هەیە ژمارەیان زۆر بووە
 
دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، پسۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان ‌و بەڕێوەبەری ‏پێشووی نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی، وەك میوانێكی بەرنامەكە باسی ‏لەوە كرد، منداڵ كەمی ‌و زۆریش هەردووكیان مەترسین. گوتیشی "‏ئەوەی زۆر مەترسییە ئەوەیە ئەو خێزانانەی کە یەك منداڵیان هەیە ژمارەیان ‏زۆر زۆر بووە."‏
 
دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا ئەوە ناشارێتەوە ئەو خێزانانەی منداڵیان كەمە بۆ ‏داهاتوو مەترسی لەسەر منداڵەكەیان زۆر دەبێت ‌و گوتیشی ‏
 
‏"ئەو خێزانانەی یەك منداڵیان هەیە لە داهاتوودا منداڵەكەیان هەستیاری ‏لووتیان زیاد دەبێت ‌و لایەنی كۆمەڵایەتیشی زۆر خراپ دەبێت ‌و تووشی ‏گۆشەگیری دەبێت، بەڵام ئەو خێزانانەی منداڵیان زۆرترە كێشەی ‏تەندروستییان كەمترە."
دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا بە بەڵگەی زانستی پشتیوانی خۆی بۆ زیادبوونی ‏منداڵ خستەڕوو. "بەداخەوە ئەو خێزانانەی باری داراییان زۆر باشە، ‏كەمترین منداڵیان هەیە ‌و ئەو خێزنانەش كە زۆر هەژارن منداڵێكی زۆریان ‏دەبێت." ‏
 
دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا هەرگیز لەگەڵ ئەو بۆچوونە نییە كە دەڵێت با ‏ژمارەی منداڵ كەم‌ بێت ‌و دەڵێت: "گرفتەكەمان لەوەدایە ئەگەر بەم ‏جۆرە بڕۆین منداڵی كەم‌ و پوختیشمان نامێنێ."
ئەو رەخنەی لە حكومەتیش گرت بەوەی كەمترین خزمەتگوزاری پێشكێش ‏دەكات و گوتی: "بۆ چارەسەری نەخۆشی، نەخۆشخانەی تایبەت زیاد ‏دەبێت نەك حكومی، هەر وەك چۆن بۆ چارەسەری گرفتی خوێندن رۆژ بە رۆژ ‏قوتابخانەی ناحكومی زیاد دەكات."
دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا بەڵگە بەو نەخۆشخانەیە دەهێنێتەوە كە خۆی پێشتر ‏بەڕێوەبەری بووە. "راستە نەخۆشخانەی منداڵان نۆژەنكراوەتەوە، ‏بەڵام بە سواڵ ‌و سەدەقە نۆژەنكراوەتەوە نەك پارەی حكومەت، دەبێت ‏حكومەت چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكان بدۆزێتەوە نەك پینە‌وپەڕۆ ‏بكات."‏