کۆمیسیۆن: ئەو پۆستەرانە تۆماردەکەین کە لێنەکراونەتەوە و بەربژێرەکان سزا دەدەین
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە مانگێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە و هێشتا بەشێک لە پۆستەرەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا ماون. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، "مۆڵەتە 30 رۆژییەکەمان بۆ لابردنی پۆستەرەکان تەواوبووە و لە سبەینێوە لیژنەکانمان بە هاوئاهەنگی تیمەکانی شارەوانی پۆستەرە لێنەکراوەکان تۆمار دەکەن".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2024، زانا عوسمان، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مۆڵەتە 30 رۆژییەکەی کۆمیسیۆن بۆ لابردنی پۆستەرەکان تەواوبووە و لە سبەینێوە لیژنەکانی چاودێری کۆمیسیۆن بە هاوئاهەنگی تیمەکانی شارەوانی بەنێو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا دەگەڕێن و هەر پۆستەرێک لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا مابێت تۆماری دەکەن."
مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بە رووداوی گوت: "شارەوانی هەولێر تیمێکی تایبەتی بۆ ئەو بابەتە پێکهێناوە کە رۆژانە بەنێو شار و شارۆچکەکاندا دەگەڕێت و پۆستەری هەر حیزب و بەربژێرێک مابێت تۆماری دەکەن، دواتر بە نوسراوێک رەوانەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی دەکەن بۆ سزادانیان بە پێبژاردن."
هاوکات خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "ژمارەیەکی زۆر پۆستەر لە دهۆک ماون. ئێمە وەک کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەدوای رۆژی هەڵبژاردنەوە 30 رۆژ مۆڵەتمان بە حیزب و بەربژێرەکان دا بۆ لێکردنەوەی پۆستەرەکانیان. مۆڵەتەکە تەواوبووە، بەڵام لەبەر رۆژانی سەرژمێری و قەدەخەی هاتووچۆ ئەم چەند رۆژەشمان درێژکردەوە. سبەینێ کۆمیسیۆن هاوئاهەنگی لەگەڵ شارەوانییەکان دەکات و پۆستەرە لێنەکراوەکان تۆمار دەکرێن."
بە گوتەی خالید عەباس، "دوای تۆمارکردنی سەرجەم پۆستەرە لێنەکراوەکان، زانیارییەکە بە نووسراوێک رەوانەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەکرێت، دواتر ئەنجوومەنەکە بەگوێرەی ژمارەی پۆستەرە لێنەکراوەکان و شوێنەکانیان بڕیار لەسەر بڕی پێبژاردنی بەربژێر و حیزبەکان دەدات. پێبژاردنەکانیش لە 250 هەزار دینار بۆ 2 ملیۆن دینار دەبێت."
لەلای خۆیەوە زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "تیمەکانمان گەڕاون و ژمارەیەکی کەم پۆستەر لە سلێمانی ماون، ئەوانیش هیچ کێشەیەکی ئەوتۆیان دروست نەکردووە، بەڵام لایەنەکانمان ئاگادارکردوونەتەوە بۆ ئەوەی لایانببەن."
بانگەشەى هەڵبژاردن لە 25ى ئەیلوول دەستیپێکرد و لە 15ى تشرینى یەکەم کۆتاییهات. 18ى تشرینى یەکەم دەنگدانى تایبەت و 20ى تشرینى یەکەم دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کرا.
بە گوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژێک دوای هەڵبژاردن واتە لە 21ـی تشرینی یەکەم تاوەکو 21ـی ئەم مانگە مۆڵەت بوو بۆ حیزب و بەربژێرەکان کە پۆستەرەکانیان لاببەن، بەپێچەوانەوە بە پێبژاردن سزا دەدرێن.