وەزیری ئاوەدانکردنەوە: 86٪ـی رێگەی ئیبراهیم خەلیل-سحێلا تەواوکراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 86٪ـی پڕۆژەی رێگەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل-سحێلا تەواوکراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24-11-2024، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی رێگەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل-سحێلا رایگەیاند، ''تاوەکو ئێستا 86٪ـی پڕۆژەکە جێبەجێکراوە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا تەواو دەکرێت''.
دانا عەبدولکەریم گوتی: ''بەرەو وەرزی زستان دەڕۆین، ئەگەرنا تاوەکو مانگێکی دیکە پڕۆژەکە تەواو دەبوو"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر بەهۆی سەرما و سۆڵەوە تەواوکردنی پڕۆژەکە دواکەوت، ئەو کاتە ''لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی کارەکان لە ساڵی داهاتوودا لە ماوەی مانگێک یان مانگ و نیوێکدا سەرجەم کارەکانی تەواو دەکرێن و دەخرێتە خزمەت خەڵکەوە.''
رێگەکە باکووری کوردستان و تورکیا بە هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق دەبەستێتەوە. درێژیی رێگەکە 14 کیلۆمەترە و نزیکەی 41 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە.