مەسک پێیوایە دروستکردنی فڕۆکەی جەنگی لە سەردەمی پێشكەوتنی درۆنەکان دا گەمژەییە
رووداو دیجیتاڵ
ئیلۆن مەسک، ملیاردێر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی تێسلا، سپەیس ئێکس و ستارلینک؛ پێوایە، دروستکردنی فڕۆکەی جەنگی لە سەردەمی پێشکەوتنی درۆنەکاندا گەمژەییە.
مەسک کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەلبژێردراوی ئەمریکاوە دەستنیشانکراوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی کەمکردنەوەی خەرجی و بیرۆکراسیی حکومەت بکات، ڤیدیۆی پۆلێکی گەورەی درۆنی بچووکی لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیوە: "وێڕای ئەمە هەندێ گەمژە هێشتاش فڕۆکەی فڕۆکەوانداری سەربازیی وەک ئێف 35 دروست دەکەن."
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ڤیدیۆکە یەکەمجار لەلایەن هەژمارە چینییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە کە فڕاندنی 10 هەزار درۆنی بچووک لە یەک کاتدا پێشاندەدات.
Meanwhile, some idiots are still building manned fighter jets like the F-35 🗑️ 🫠
— Elon Musk (@elonmusk) November 24, 2024
pic.twitter.com/4JX27qcxz1
درۆنەکان لە چوارچێوەی پێشانگەی نێودەوڵەتیی فڕۆکەوانیی لە شاری ژووهای باشووری چین نمایشکراون کە 12 تا 17ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو.
ئیلۆن مەسک پێیوایە سەردەمی ئەو فڕۆکە جەنگییانەی بە فڕۆکەوانەوە دەفڕن، کۆتاییهاتووە و داهاتوو بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یاخود درۆنەکانە.
دەوڵەمەندترین مرۆڤی ئێستای جیهان و پێشەنگەکەی بواری تەکنەلۆجیا پێشتر نیگەرانیی خۆی لە روودانی "جەنگی درۆنەکان" لە داهاتوودا دەربڕیوە، کە بە بڕوای خۆی، درۆنەکان لە داهاتوودا بە ژیریی دەستکرد و سەربەخۆ کاردەکەن و ئەو چەکانەی خۆکارانە و بێ دەستوەردانی مرۆڤ کاردەکەن، بە جیهاندا بڵاودەبنەوە.
مەسک لە پۆستێکدا لە ساڵی 2022 نووسیبووی: "جەنگەکانی داهاتوو هەموویان لەسەر درۆن دەوەستن. مرۆڤی سەرنشینی فڕۆکە و تانکەکان هیچ دەرفەتیان نییە."
پەیمانگەی Pilot Instituteی ئەمریکی کە تایبەتە بە زانستی درۆن و فڕۆکەکان، مەزەندە ساڵی 2025، قەبارەی بازاڕی درۆنەکان بگاتە 63.6 نملیار دۆلار و 100 هەزار دەرفەتی کار لەو کەرتەدا دروست بن.
بە گوێرەی دامەزراوەی Droneiiی ئەڵمانی، چین لە دروستکردنی درۆنی سڤیلدا و ئەمریکا لە درۆنی سەربازیدا یەکەمن.