لە سنووری سۆران ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و سەرنشینێکی گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، لە چیای حەسەن بەگ لە سنوری ئیدارەی سۆران، ئۆتۆمبێلێک بە چوار سەرنشینەوە وەرگەڕا. یەکێکیان گیانی لەدەستدا و سیانیان بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو چوار کەسە بە مەبەستی چوونە نێو بەفر و گەشتوگوزار، سەردانی چیای حەسەن بەگیان کردووە.
موحسین تەحسین، وتەبێژی هاتووچۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەکەی تێدا وەرگەڕاوە، شوێنێکی بەرزە و هۆکارەکە خلیسکان بووە بەهۆی تەڕی رێگەکەوە.
لەبارەی دۆخی تەندروستیی بریندارەکان، ئازاد ساڵح، بەرپرسی کارگێڕیی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران بە رووداوی گوت، "بریندارەکان شکان لە دەست و قاچیان هەیە و رەنگە پێویست بکات رەوانەی هەولێر بکرێن".