دەم پارتی: دەستبەجێ بۆردوومانەکان رابگرن
رووداو دیجیتاڵ
دەم پارتی داوای راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، خەڵکی مەدەنی دەکرێنە ئامانج و رێسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکرێن.
دەستەی کارگێڕی ناوەندیی پارتی یەکسانیی دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی، لەبارەی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییانەی دوای هێرشکردنە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە، دەستیانپێکردووە، تەنیا تووندوتیژییەکانی ناوچەکە قووڵتر دەکەنەوە. بۆردوومانی زۆر لە ناوەندەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و بەتایبەتی کۆبانی، ژیانی هاوڵاتییانی مەدەنی دەخەنە مەترسییەوە."
دەم پارتی دەڵێت، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کە خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج، رێسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن. بەردەوامی شەڕ و ململانێ تەنیا دەبێتە هۆی ئازار و لەدەستدانی زیاتر. بۆیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانە بگرنەبەر.
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کە بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2024 بڵاوکراوەتەوە، درەنگی شەوی رابردوو 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی فراوانیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان و شەڕڤانانی یەپەگە لە رۆژئاوای کوردستان کردووە.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا 32 ئامانج تێکشکێندراون و ژمارەیەکیش گەریلا و شەڕڤان گیانیانلەدەستداوە. میدیای خۆسەری رۆژئاوای کوردستانیش دەڵێت، حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە.