بەشێکی دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی لوڕستان خەرجکرا

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، تائێستا 7 تریلیۆن و 960 ملیار تمەن لە پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە خراوەتە سەر هەژماری بانکیی جووتیاران.
 
رۆژی چوارشەممە، 23ی تشرینی یەکەمی 2024، عیماد شاهروخی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، ئەم ساڵ زیاتر530 هەزار تۆن گەنم، لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە.
 
شاهروخی دەڵێت، لە چەند مانگی رابردوودا بە چەند قۆناخ پارەی گەنمی جووتیاران خەرجکرابوو و رۆژی چوارشەممە بەشێکی پارەکە خرایە سەر هەژماری بانکیی جووتیاران.
 
بە گوتەی عیماد شاهروخی، تائێستا 7 تریلیۆن و 960 ملیار تمەن لە پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگای لوڕستان خەرجکراوە  بەشێکی کەمی ماوە، ئەویش لە رۆژانی داهاتوودا خەرج دەکرێت.
 
هاوکات حەمید پوورمحەممەدی، سەرۆکی رێکخراوی بەرنامە و بودجەی ئێران رایگەیاند، رێکارەکان بۆ خەرجکردنی هەموو پارەی گەنمی جووتیاران تەواو کراون و تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە پارەکە دەدەنە جووتیاران.
 
حکومەتی ئێران بۆ ئەم ساڵ یەک کیلۆ گەنم بە 17 هەزار و 500 تمەن (30 سەنت) لە جووتیاران کڕی.