گوتەبێژی دەم پارتی: پرسی کورد بە رێوشوێنی ئەمنی چارەسەر نابێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، هێرشەکەی ئەنقەرە سەرکۆنە دەکەین و گوتیشی: "عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت ئامادەم بۆ چارەسەر."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هێرشەکەی ئەنقەرە سەرکۆنە دەکەین و گوتی: "ئەم هێرشە لەم کاتەدا زۆر مانا هەڵدەگرێت و دەبێ زیاتر لە جاران ئاگاداری ئاشتی بن."
 
ئایشەگوڵ گوتی: "ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان لە تورکیا گرژییەکان قووڵتر دەکەنەوە و خەڵکی سڤیل کراونەتە ئامانج، داوا لە هەموو لایەک دەکەین کەڵک لە دیالۆگەکە وەربگرن."
 
گوتەبێژی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە کە پرسی کورد پرسی مرۆڤایەتییە و "پرسی کورد بە رێوشوێنی ئەمنی چارەسەر نابێت."
 
لەبارەی رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانیشەوە گوتی: "ملیۆنان کەس ئۆجەلان وەک ئیرادەی خۆیان دەبینن، ئەو رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە پرسەکانی تورکیادا، خاوەنی عەقڵی کراوەیە و پڕۆژەی هەیە، قسەکەری چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد ئۆجەلانە."
 
بە گوتەی ئایشەگوڵ دۆغان، "ئۆجەلان دەڵێت گۆشەگیری لەسەرم بەردەوامە، بەڵام ئامادەم بۆ چارەسەر."
 
 
دەقی گوتەکانی ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی:
 
لە رۆژگارێکی سەخت و دژوارداین، بۆچی سەخت و دژوارە؟ هۆکارەکانتان پێ رادەگەیێنم. لە دۆخێکداین هەر وشەیەک و هەر بەڵێنێک بەهای تایبەتی خۆی هەیە. دوایینجار کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیمان لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی بوو؛ دوای یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیا لە رۆژی 1ـی تشرینی یەکەم دا. 
 
لەو رۆژەوە پێشهاتی زۆر خێرا هاتنە ئاراوە. ئەمڕۆ لەم کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا دەمەوێ هەڵوێستی دەم پارتیتان پێ رابگەیێنم سەبارەت بەم پێشهاتانە. دەمەوێ لە رووداوی هێرشکردنەکەی شارۆچکەی کاهرامانکازان لە ئەنقەرەوە دەستپێبکەم. 
لە دوێنێوە زۆر شت گوتران و باسکران، هەروەها چەندین هەواڵی چەواشەکارانە خرانەروو. هەندێک هەڵوێستمان بینی کە راهاتووین و بەشێکیان لە هەوڵی فراوانکردنی بازنەی چەواشەکاری و گۆڕینی ئاراستەی رووداوەکاندان. لێرەوە وەڵامی هەموو ئەو هەڵوێستانە دەدەینەوە بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو کەسانەی کە خۆیان وا دەرخستووە کە ئاگاداری هەڵوێستی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی نین. زۆر دڵگران و خەمبارین بەم رووداوەی دوێنی لە ئەنقەرە روویدا. ئەنجوومەنی سەرکردایەتیمان هەڵوێستی خۆی بەمشێوەیە دەربڕی. "سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر شارۆچکەی کاهرامانکازان لە ئەنقەرە دەکەین. لەو رۆژانەی تورکیا گفتوگۆ و دیالۆگ لەبارەی پرسی چارەسەری دەستپێکرد، ئەنجامدانی ئەم جۆرە هێرشە بە مانادار دەبینین. زۆر خەمبارین بەم هێرشەی کراوە، هاوخەمی خۆمان بۆ ئەم ئازارە دەردەبڕین. بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەم رووداوە ئازاربەخشە لە هەموو کات زیاتر دەبێ خاوەنداری ئاشتیی بکەین. خوای گەورە لە قوربانییان خۆش بێت پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکارەکانیان دەکەین. هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین." 
 
دوای ئەم رووداوە چی روویدا؟ دوای هێرشەکەی سەر توساش، ئەو پرۆسەیەی کە لە یەکی مانگەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا نەمانزانیوە چ ناوێکی لێ بنێین، ئایا پرۆسەی چارەسەرییە یان پرۆسەی ئاشتییە؟ بەهۆی ئەوەی هێشتا فاکتەری زۆری ماون بۆ ئەوە ئەم دوو ناوەی پێوە بلکێنین، بەڵام بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە بینیمان تووندوتیژی لێکەوتەوە. دوای هێرشەکەی سەر توساش ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بۆ سەر کۆبانێ، باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدرا. لەمبارەیەشەوە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیمان راگەیێندراوی بڵاوکردەوە. دیسان ئەوانەی گوێیان لێنەبووە پێیان دەڵێین، راگەیێندراومان هەبووە کە بەمشێوەیە بوو: "دوای هێرشەکەی سەر دامەزراوەکانی توساش لە شارۆچکەی کاهرامانکازان لە ئەنقەرە، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی تەنیا رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ قوڵبوونەوەی زیاتری رووداوەکانی توندوتیژی لە ناوچەکەدا. ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و کۆبانێ هەڕەشە دەخاتە سەر ژیانی خەڵکی سڤیل و کاریگەرییەکانی جەنگ کارەسات بۆ سەر تەواوی ناوچەکە دروست دەکات. بە ئامانجکردنی خەڵکی سڤیل لە ئۆپەراسیۆنەکاندا پێشێلکارییەکی زەق دەبێت بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان. درێژەدان بە جەنگ و پێکدادان تەنیا ئازار و خوێنڕشتن بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بانگهێشتی سەرجەم لایەنەکان دەکەین رێگەی دیالۆگ و ئاشتی بگرنەبەر." 
 
"لە جەنگدا هەموومان دۆڕاوین"
 
جەنگ، شەڕ و پێکدادان رێگەچارە نییە. چەندین ساڵە ئەمە دووبارە دەکەینەوە. هەمووان دۆڕاوین لەم جەنگە. بۆیە دەبێ لەم کاتەدا کە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری لە ئارادایە، هەمووان بەبێ جیاوازی لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن تا دەگاتە تەواوی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن. هەمووان شان بدەنە ژێر ئەم بەرپرسیارێتییە و زۆر بە هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن. 
 
دەم پارتی بەوپەڕی شەفافی و راشکاوییەوە هەڵوێستی خۆی دەخاتەڕوو، بەدەر لەم راگەیێندراو و لێدوانە فەرمییانە هیچکامیان پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. هەر جۆرە هەڵسەنگاندنێکی دیکە کە بە ناوی دەم پارتی دەکرێت، ئێمە لێیان بەرپرس نین. چەندین ساڵە رێگەی تووندوتیژی تاقیکراوەتەوە، جگە لە ئازار و زیانێکی زۆری ئابووری هیچی دیکەی لێ شین نەبوو. دەکرێ دەستبەجێ ئەم بابەتە رابگیرێت و پێچەوانەکەی بخرێتەڕوو، دەکرێ رێگەی نوێ بگیرێتەبەر. 
 
"ناکرێت بە تاکتیکی پیلانگێڕییانە مامەڵە لەگەڵ کێشەی کورد بکرێت"
 
ئێمەی دەم پارتی ئامادەین ئەم کارە بکەین و بانگەشەمان بۆ ئەمەش دووبارە دەکەینەوە. با پێکەوە رێگە نوێیەکە تاقی بکەینەوە. چەندین ساڵە ئەم پرسە بە نکۆڵیکردن بە تووندوتیژی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و ناکرێت بە دۆسیە و رێوشوێنی ئەمنیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. هەروەها ناکرێت بە تاکتیکی پیلانگێڕییانە مامەڵە لەگەڵ کێشەی کورد بکرێت کە هیچ ئەنجامێکی نەبوو. بەڵام دەبێ هەمووان ئەوە بزانن کێشەی کورد پرسێکی مرۆییە و لەم رۆژانەی رابردوودا دیسان بووە مژاری یەکەمی تورکیا. کەواتە بە نکۆڵیکردن و حیساب بۆ نەکردن و بچووککردنەوەی لە رێوشوێنی ئەمنییەوە و گرتنەبەری سیاسەتی ئەمنییەوە نەک چارەسەر ناکرێت؛ بەڵکو سەلمێندرا رێگەیەکی زۆر هەڵەیە و هیچ ئەنجامێکی لێناکەوێتەوە. 
چەند رۆژێکە دیسان بووەتە مشتومڕ بەتایبەتی دوای راگەیاندنی هەڵوێستمان، وەک ئەوەی بۆ یەکەمجارە ئەم هەڵوێستەمان خستبێتەڕوو. یان دوای 1ـی تشرینی یەکەمەوە بەردەوام خۆیان وا راهێناوە گوایە یەکەمجارە گوێیان لەم هەڵوێست و لێدوانانەمان بێت و پرسیار دەکەن بۆچی تەنیا ئۆجەلان؟ ئەو کەسانەی بەدوای وەڵامی ئەم قسەیەن، ئێمەی دەم پارتی دیسان لێرەوە وەڵامیان دەدەینەوە. 
 
"45 مانگە ئۆجەلان لە گۆشەگیرییەکی زۆر سەختدایە"
 
بۆچی بەڕێز ئۆجەلان؟ چونکە باس لە کەسێک دەکەین تەمەنی خۆی لە رێگەی چارەسەری دیموکراسی بەخشی. 25 ساڵە لە گرتووخانەی دوورگە تەمەنی بەسەربردووە. هەروەها 45 مانگە لە گۆشەگیرییەکی زۆر سەختدایە. بە واتایەکی دیکە بەهیچ شێوەیەک رێگەی پەیوەندی پێوەکردنی لێ قەدەخەکراوە. ملیۆنان کەس دەڵێن، ئۆجەلان ئیرادەی ئێمەیە. باس لە سەرکردەیەک دەکەین ملیۆنان کەس دەڵێن ئەو ئیرادەی ئێمەیە. هەروەها پاڵپشتی بۆ ئۆجەلان تەنیا بە کورد و تورکیا سنووردار نییە، بەپێچەوانەوە باس لە پاڵپشتی ئەودیوی سنوورەکان و جوگرافیا جیاوازەکانیش دەکەین. 
 
وەک چۆن لە پرسی کێشەی کورد-دا گوتاری (موخاتەب) سەرەکییە هاوکات ئەکتەرێکی زۆر سەرەکین و لە توانایاندایە رۆڵی باڵا بگێڕن لەو بازنە ئاگرەی دەوری تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی داوە. 
 
بەهۆی بەردەوامی گۆشەگیرییەکەی و نەبوونی دیدار لەگەڵیدا، دەبینین هەلومەرجە ئاڵۆزەکان و کێشەکان قووڵتر دەبن. باس لە کەسێک دەکەین هەمیشە پرۆژە و بیرۆکەی لەپێشینە و گرنگی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە قووڵانە هەیە. تورکیا و گەلی تورکیا سوودەکەی بینی کاتێک هەڵسەنگاندنەکانی لەبەرچاو گرت و هەموومان شایەتی ئەم بابەتەین. 
بینیمان چۆن ئاگربەستی راگەیاند و دۆخەکەی هێورکردەوە و تەنانەت ئەگەر هیوایەکی زۆر بچووک بۆ ئاشتی هەبێت، توانیوویەتی هیواکە گەورەتر و فراوانتر بکات. پێکەوە ئەو ئەزموونەمان بینی کە لە خراپترین دۆخدا توانی داهاتوویەکی گەش فەراهەم بکات.
 
بۆیە لە نەوەتەکانی سەدەی رابردووەوە بەڕێز ئۆجەلان لە هەوڵی دۆزینەوەی دیموکراسییەکی راستەقینە و چارەسەرکردنی پرسی کوردە و لە رێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە خەباتی دەکرد و دەستپێشخەری بەردەوامیشی هەبوو. ئەو رۆڵەی لەم چوارچێوەیەدا گرتییەبەر هێندەی ژیان گرنگ بوو. ئێمە دوای تەوقەکردنەکەی رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمەوە یەکەمجار نەبووە ئەم قسانەمان کردبێت، هەروەها لە 1ـی مانگەوە ئەمە یەکەم هەڵوێستی ئێمە نەبووە بەڵکو خەڵک و ئێوەی رۆژنامەڤانانیش ئەمە باش دەزانن. لە شەقام و کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و گردبوونەوەکاندا دەبینن و دەزانن و گوێتان لێبووە و شایەتی بوونە. تەنانەت بۆ ئەم هەڵوێستانەمان باجی قورسمان داوە و پێکەوە کردوومانە و قۆناخ بە قۆناخ گەیشتووینەتە ئەم هەنگاوەی ئێستا. 
 
"سەرخستنی ئەم پرۆسە بەمشێوەیە مەحاڵە و هەرگیز ناکرێت"
 
چەندین رۆژە بانگەواز بۆ دەکرێت و بە راشکاوی گوتراوە گوتیاری (موخاتەب) ئەم پرسە بەڕێز ئۆجەلانە. ئایا گوێ لەم بانگەوازانە دەگرێت؟ بەدواداچوونی بۆ دەکات؟ لەمبارەیەوە بیر لە چی دەکاتەوە؟ چۆن پێشوازی لێدەکات؟ یان کاردانەوەکانی چییە؟ لە چ هەلومەرجێکدا وەڵام و کاردانەوەی دەبێت؟ وەک چۆن ئێوە وەڵامی ئەم پرسیارانە نازانن! ئێمەی دەم پارتیش وەڵامی ئەم پرسیارانە نازانین. بۆچی؟ چونکە گوتیاری سەرەکیی لە دۆخی گۆشەگیریدایە. پێشتریش ئەمانەمان گوتووە، ئیدی کاتی هاتووە ئەم بەربەستانە کۆتاییان پێ بهێندرێت. 
 
بەپێچەوانەوە چۆن ئەم پرسە چارەسەر دەکرێت؟ چۆن گەشە دەکات؟ ئەگەر هەموو ئامرازەکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری ئامادە بێت، بەڵام گوتیاری سەرەکیی قسە ناکات و رێگەی پێ نەدرێت قسە بکات، نازانین لە چ دۆخێکدایە؟ تەنیا ئەوە دەزانین لەژێر گۆشەگیرییەکی زۆر سەختدایە و هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ نییە. سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بەمشێوەیە مەحاڵە و هەرگیز ناکرێت. 
 
بۆیە رەنگە پرسیار بکەن و بڵێن، بەڵام دیدارێک کرا. کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئایا گۆشەگیری کۆتاییهات؟ ناتوانین پشتڕاستی بکەینەوە. بەڵێ دیدارێک ئەنجامدرا. ئەوەی چووە دیداری، عومەر ئۆجەلان-ی پەرلەمانتاری بازنەی رووها-یە کە هاوکات خوشکەزایەتی. چەندین ساڵە سەدان داواکاریی فەرمیمان پێشکێشکردووە بۆ ئەنجامدانی دیدار، بەڵام دوای چەند ساڵێک بۆ یەکەمجار دیدارێکی بۆ رێکدەخرێت. 
 
لێرەوە دەمەوێ ئەو زانیارییانە بڵاوبکەمەوە کە لە هەژماری تایبەتی تۆڕی ئێکس-ی عومەر ئۆجەلان بڵاوکراوەتەوە. ئۆجەلان گوتوویەتی: "گۆشەگیری بەردەوامە، ئەگەر دەرفەت و هەلومەرجی گونجاو بڕەخسێندرێت، لە توانامدایە زەمینەی جەنگ و پێکدادان و تووندوتیژی بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسیی بگۆڕم." تەنیا ئەم یەک دوو رستەیە سەدان پەیام لەخۆ دەگرێت. پەیامی یەکەم پێمان دەڵێت، گۆشەگیری کۆتایی نەهاتووە بە زمانی خۆی گوتوویەتی بەردەوامە. لە پەیامی دووەمیشدا پێمان دەڵێت، ئەگەر دەرفەتی پێبدرێت، دەتوانێت ئەو زەمینە و ژێرخانەی جەنگ و تووندوتیژییە دەگۆڕێت. بۆ چی دەیگۆڕێت؟ بۆ زەمینەسازیی یاسایی و سیاسیی دەیگۆڕێت دەڵێت، توانای تیۆری و کردەیی ئەنجامدانی ئەم کارەی هەیە. نوقتە. 
 
"ئێستا نۆرەی لایەنی بەرامبەرە"
 
کەواتە ئیمراڵی ئامادەیە، بەڕێز ئۆجەلان ئامادەیە. ئایا دەوڵەت ئامادەیە؟ ئێمەی دەم پارتی لێرەوە پرسیار دەکەین، دیموکراسی سیاسیی ئامادەیە، بەڕێز ئۆجەلانیش ئامادەیە، بەڵام ئاخۆ دەوڵەت ئامادەیە گۆشەگیری هەڵبگرێت؟ دەوڵەت ئامادەیە ژێرخانی یاسایی و سیاسیی بڕەخسێنێت؟ ئێستا نۆرەی لایەنی بەرامبەرە؟ نۆرەی ئەو کەسانەیە کە باس لە دیموکراسییەت دەکەن؟ نۆرەی ئەو کەسانەیە کە بانگەشەی ئۆجەلانیان کردووە بۆ ئەوەی دەستپێشخەری بکات، ئایا ئامادەن؟ ئیدی قسەکرا، کات کاتی جێبەجێکردنییەتی. 
 
قسەیەک کرا کە هەرگیز نابێ دوابخرێت و پەراوێز بخرێت. ئەو قسانەی کراون باش دەزانین زۆر هەستیار و زۆر گرنگن. بەڵام پێویستە ئەو قسانەی کراون جێبەجێ بکرێن. ئەرکی مێژوویی سەرشانی ئێمە ئەوەیە کە دەبێ بانگهێشتی لایەنەکان بکەینەوە و چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە کاری جیدی دەکرێت. دەبێ زۆر بە رژدی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. پێویستە پەند لە ئەزموونەکانی رابردوو وەربگیرێت. گۆشەگیرییەکە هێندە قورسە، بۆیە بەڕێز ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بڵاوی کردووەتەوە و ئاماژەی بە گرنگی کۆتایی پێهێنانی داوە. 
 
تەندروستیی ئۆجەلان!
 
لەپاڵ ئەمەشدا هەندێک هەواڵی چەواشەکارانە لەبارەی تەندروستی بەڕێز ئۆجەلان بڵاوکراونەتەوە. لێرە بۆ رای گشتیی رایدەگەیێنم، تەندروستی بەڕێز ئۆجەلان باشە. ئەو هەواڵە چەواشەکارانەی بڵاوکراونەتەوە بە ئەنقەست کراون، لێرەوە تەواوی ئەم هەواڵانە رەتدەکەمەوە. هەروەها لە پەیامەکەدا بەڕێز ئۆجەلان بەبێ جیاوازی سڵاو و رێزی خۆی پێشکێشی هەواداران و هەموو ئەو کەسانە کردووە کە چاویان لە چارەسەری دیموکراسییانەی کێشەی کوردە، دیموکراسیخوازان و هەموو کەسێک کرد. 
ئێمەی دەم پارتی جەخت لەوە دەکەینەوە و پێ دەچێت پێویستمان بەوە بێت بەردەوام جەخت لەسەر ئەم خاڵە بکەینەوە لەپێناو ئەوەی هەواڵی چەواشەکارانە، درۆ، بوختان، فریودان و بەلارێدابردنی راستییەکان و گۆڕینی ئاراستەی رووداوەکان و مانا دەرهێنان لە هەر وشەیەک گوتوومانە و دەیڵێینەوە نەبێتە بەربەستێک بۆ هەڵوێستەکانمان. 
 
ئەگەر دەتانەوێ ئاشتییەکی شکۆمەندانە دابمەزرێنن، ئەگەر دەتانەوێت دەرچەیەکی فەرمی بۆ چارەسەری دیموکراسی و دیالۆگی ئاشتیخوازانە بکەنەوە، دەزانین ئەمە لە دەستپێکردنی جەنگ زۆر سەختترە. بۆیە لەبارەی پێشهاتەکان و هەموو ئەو قسە و باسانەی کراون زۆر بە هەستیارییەوە لێی نزیک دەبینەوە. هەموو دامەزراوەکانمان هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن و دەیبینن. هەمیشە لێرەوە زۆر بە شەفافی و راشکاوانە زانیارییەکانتان پێ دەدەین. 
 
دووپاتی دەکەینەوە، ئەو خەباتەی پارتەکەمان کردوونی لە چوارچێوەی چارەسەری دیموکراسیدا ئامادەیە رۆڵ بگێڕێت و شان بداتە بەر بەرپرسیارێتی و دەستپێشخەری بکات. دوێنێش کردوومانە ئەمڕۆش دەیکەن و سبەیش ئامادەین بیکەین. دەم پارتی لێرەیە، دوێنێش لێرە بوو، ئەمڕۆش لێرەیە و سبەیش بۆ ئەمە لێرە دەبین. 
 
"ئێستا نۆرەی ئەو کەسانەیە بانگهێشتی ئۆجەلانیان"
 
بێینە سەر بابەتی ئەکتەرەکان، بە تێروتەسەلییەوە باسمان لە رۆڵی بەڕێز ئۆجەلان کرد. دەمەوێ ئەوە بڵێم؛ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی شکۆمەندانە و بۆ بە دیموکراسیبوونی تورکیا بۆ ئەوەی تورکیا لەم دۆخە چەقبەستووەی دەربچێت، بۆ ئەوەی هەمووان هەناسەیەکی ئارامی هەڵمژین، لەناو سیاسەتی کوردیدا لەناو دەم پارتی بێت یان لە دەرەوەی دەم پارتی، هیچ ئەکتەرێک نییە لە پرسی گوتیاربووندا خۆی بکاتە خاوەن یان هەوڵی وەرگرتنی رۆڵی ئەکتەری سەرەکیی بدات. کەس بۆ ئەمەش دڵی خۆی خۆش نەکات. 
 
ئۆجەلان خۆی رایگەیاند ئامادەیە زەمینە خۆش بکات بۆ پرسی سیاسیی و یاسایی. بۆیە کەس دۆخەکە بەلارێدا نەبات بۆ ئەوەی خۆی ئامادە بکات ببێتە گوتیار. ئەکتەری سەرەکیی دیار و روون و ئاشکرایە. لە رابردوودا چەندین هەوڵی هاوشێوە هەبوو بەڵام شکستیانخوارد و ئەمجارەش شکست دەخۆن. بۆیە کەس کات و هێزی خۆی بۆ ئەمە بەهەدەر نەدات. ئێمەی دەم پارتی دووپاتی دەکەینەوە، ئەمە بەڕێز ئۆجەلانە، خۆی پەیامەکەی بڵاوکردەوە و ئامادەی سیاسەتێکی زۆر کارایە. ئێستا نۆرەی ئەو کەسانەیە بانگهێشتی ئۆجەلانیان کرد دەستپێشخەری بکەن و نۆرەی ئەو کەسانەیە کە پشتیوانییان بۆ ئەمە دەربڕی. لە کاتێکدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو بازنەی ئاگردایە، پێویستە تورکیا کێشەی کورد چارەسەر بکات و نێوخۆی خۆی تۆکمە و بەهێز بکات. با پێکەوە ژینگەی ئارامی و ئاشتی دروست بکەین.
 
لە کاتێکدا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەناو بازنەی ئاگردایە، تورکیا بژاردەیەکی لەژێردەستدایە ئەویش چارەسەرکردنی کێشەی کوردە بۆ ئەوەی نێوخۆی خۆی تۆکمە و بەهێز بکات. با پێکەوە ژینگەی ئارامی و ئاشتی دروست بکەین با پێکەوە ئەم بازنەیە فراوانتر بکەین و ئاشتییەکی هەمیشەیی و شکۆمەندانە فراوانتر بکەین. 
 
بانگەوازی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەکەین و رەنج و هەوڵی زۆری بۆ دەدەین. با پێکەوە سەرلەنوێ دەست بەم پرۆسەیە بکەین و سەرەتا کۆتایی بە گۆشەگیریی بهێنین. با پێکەوە زەمینەی یاسایی و سیاسیی بۆ برەخسێنین. با ئەو هەلومەرج و ئامرازانە پێکبهێنین کە ئۆجەلان بەشداری کارای تێدا هەبێت. ئەو قسانەی کردووتانە مەیگۆڕن، پاشگەز مەبنەوە، دوای مەخەن، چونکە هەرچەندە دوا بخرێت کات بەسەربچێت ژیان لەدەست دەدەین. با پێکەوە دەست بە ژیان و خۆشگوزەرانییەوە بگرین.