پەیامێک لە کۆمەڵی دادگەرییەوە لەبارەی بەشداریکردنیان لە حکومەت و پەرلەمان

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمەڵی دادگەری کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەوان نەک بەشداری لە حکومەت ناکەن بەڵکو لە راوێژدان کە لە "پەرلەمانێکی دیزاین کراو کە پێکهاتەکەی بەدەرە لە ویستی هاووڵاتییان، بەشداری نەکەن."
 
کۆمەڵی دادگەری لە راگەیێندراوەکەیاندا دەڵێن کە لە دادگەی فیدراڵی و کۆمیسیۆن لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە سکاڵا تۆماردەکەن. 
 
ئەو حیزبە پێیانوایە "ساختەکاری" لە هەڵبژاردنەکاندا کراوە و باس لەوە دەکەن: "ساختەکارییەکە بەجۆرێکی رێکخراو کراوە کە هەموو کەس هەستی پێ نەکات."
 
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە خولی پێشووی پەرلەمان حەوت کورسیی هەبوون، بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمیسیۆن لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەکانی کەمیکردووە و کورسییەکانی بۆ نیوە زیاتر کەمبوونەتەوە کە سێ کورسین. 

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە بانگەشەی هەڵبژاردندا ئاماژەی بەوە کرد، لەم هەڵبژاردنەدا ساختەکاری ناکرێت، کۆمەڵ دەڵێت: "هیوامان هەڵچنی بە هەندێ گۆڕانکاری کە لە یاسای هەڵبژاردن و شێوازی بەڕێوەچوونی کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت، رێکارەکانی ساختەکاری کەم دەبنەوە، بەڵام بەداخەوە وادەرنەچوو."

لە هەڵبژاردنی 20ـی ئەم مانگەی پەرلەمانی کوردستان، رێژەی بەشداریکردن 72٪ بوو. رۆژێک دوای دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکان، بەشێک لە حیزب و لایەنەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە "ساختەکاریی دیزاینکراو" کراوە و دەنگی بەشێک لە لایەنەکان گۆڕانکاری تێدا کراوە، بانگەشەیەک کە کۆمیسیۆن رەتی دەکاتەوە. 

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەموو لایەنەکانی گوتووە کە دەرگای سکاڵا دەکرێتەوە و هەر کەس لە ئەنجامەکەی ناڕازییە دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات. 

کۆمەڵ ئەوەشی گوتووە کە ئەوان "سەربەخۆن" لە هەنگاو و بڕیارەکانیان. هەروەها "لەگەڵ لایەنە ناڕازیەکانی دیکەش لە هاوئاهەنگی و وتووێژ دەبین و پشتیوان بەخودا داکۆکی لە دەنگی دزراوی هاووڵاتییان دەکەین."