ئەردۆغان: هێرشەکەی ئەنقەرە ئیرادەمان بۆ نەهێشتنی تیرۆر تۆکمەتر دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا هێرشەکەی دوێنێی ئەنقەرە بە "هێرشێكی نەفسنزمانە"ـی ناوبرد و رایگەیاند، ئیرادە و پێداگری تورکیای بۆ نەهێشتنی تیرۆر تۆکمەتر کردووە. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی پێنجشەممە 24ـی تشرینی یەکەم لە کۆبوونەوەی لووتکەی بریکس کە لە کۆماری تەتارستان بەڕێوەچوو، گوتی: "بەهۆی ئەو هێرشە تیرۆریستییە خیانەتکارەی کە دوێنێ لە ئەنقەرە ڕوویدا، سوپاسی هەموو هاوڕێکانمان دەکەم کە پەیامی سەرەخۆشییان بۆ ناردین و هاوخەمی خۆیان دەربڕی، ئەم هێرشە نەفسنزمانەیە، ئیرادە و پێداگری تورکیای بۆ نەهێشتنی تیرۆر تۆکمەتر کردووە". 
 
ئەردۆغان هەروەها گوتی: "تاوەکو خوێنڕشتنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رانەگیرێت، نە دادپەروەری و نە ئاشتی و نە گەشەسەندن ناتوانرێت بۆ داهاتوو باس بکرێت. نەزم و گەشەسەندنێکی دادپەروەرانەی جیهانی تەنیا بە دامەزراندنی ئاشتی و ئاسایش لە دەرەوەی سنوورەکانمان دەکرێت".
 
کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 23-10-2024، لەلایەن دوو چەکدارەوە کرایە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە. بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا لە ‌هێرشەکەدا پێنج کەس کوژراون و 22 کەسیش بریندار بوون، هەروەها دوو چەکدارەکە کوژراون.
 
هەر دوای هێرشەکە، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا پەنجەی تۆمەتی بۆ پەکەکە درێژ کرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ هەروەکو کاری پێشوویان هێرشیانکردە سەر توساشی ئێمە و ئارامیی خەڵکیان تێکدا. ئەو پەکەکانە هەموو جارێک سزای پێویستیان دەدەین، بەڵام هیچ کات عاقڵ نابن"
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، ناسنامەی یەکێك لەو هێرشکارەکانی هێرشەکەی دوێنێی ئەنقەرەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، پیاوە کوژراوەکە ئەندامی پەکەکەیە.
 
بە گوتەی ئەو وەزیرە، ئەو کەسە ناوی عەلی ئۆرەک ـە و ناسراوە بە رۆژگەر. وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێ، هەوڵەکان بۆ ناسینەوەی هێرشبەرە ژنەکە بەردەوامن.