لە سنووری سنە شەڕ لەنێوان سوپای پاسداران و گەریلاکانی پژاک روویدا

رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچەی سەوڵاوا لە سنووری سنە پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و گەریلاکانی پژاک روویدا و بەهۆیەوە چەکدارێکی خۆجێی سوپا کوژرا و دوو کەسی دیکە بریندار بوون.
 
شەڕەکە رۆژی سێشەممە، 22-10-2024  لە نزیک گوندی دێوەزناو، لە ناوچەی هەورامان و لەنێوان شارەکانی کامێران و سەوڵاوای پارێزگای سنە روویداوە. 
 
کیانوش سەقەفی نیا، قایمقامی سەوڵاوا بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاندووە، لەو شەڕەدا ئەندامێکی سوپای پاسداران بە ناوی محەممەد ئەحمەدپوور لە پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی پژاک گیانی لەدەستداوە.
 
بەپێی هەواڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، تیمێکی سوپای پاسدارانی کامێران لە نزیک گوندی دێوزناو بۆسەیان بۆ گەریلاکانی پژاک داناوە و شەڕ لەنێوانیاندا روویدا. لە ئەنجامدا ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژراوە و دوو ئەندامی دیکەشیان برینداربوون.
 
پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان- پژاک تاوەکو ئێستا هیچ لەبارەی ئەو شەڕە رانەگەیاندووە.