مانگی 12 ئەندامانی کۆنگرەی مامۆستایان هەڵدەبژێردرێن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند، رۆژی 3ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی کۆنگرەی داهاتووی یەکێتیی مامۆستایان دەکرێت.
رۆژی سیشەممە، 24-10-2023، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مەکتەبی تەنفیزی کە باڵاترین دەسەڵاتی هەیە، بڕیاریداوە 03ـی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی کۆنگرە بکات، کە 81 هەزار مامۆستا بەشداری تێدا دەکەن و 300 بۆ 350 ئەندام بۆ کۆنگرە هەڵدەبژێرن."
یەکێتیی مامۆستایان 13 ساڵە کۆنگرەی نەکردووە، لە کاتێکدا بەپێی پەیڕەوەکەی، دەبێت چوار ساڵ جارێک کۆنگرە بکات. ئەحمەد گەرمیانی لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی کۆنگرە، گوتی، "ئەو بارودۆخە ئەمنی و سەربازییەی هاتە سەر هەرێمی کوردستان دوای شەڕی داعش، کێشەی دارایی و سیاسیمان هەبوو کە حیزبەکان ئامادەنەبوون هەڵبژاردن بکەن، دواینجاریش کۆرۆنا بوو، بەڵام هۆکارەکان لاوازن، چونکە دەبووایە لەکاتی خۆی کۆنگرە بکەین."
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان تاوەکو ئێستا 12 کۆنگرەی کردووە. ئەحمەد گەرمیانی دەڵێت، "ئەگەر یەکێتیی مامۆستایان کۆنگرەی نەکرد ئەنجوومەنی تەنفیزی مافی هەیە شەش مانگ تەمەنی درێژبکاتەوە، جگە لەوەش لەکاتی خۆی سەردانی لیژنەی پەروەردە و یاسایی پەرلەمانی کوردستانمان کرد و نووسراو بۆ ئەنجوومەنی شوورا کرا و وەڵامەکان ئەوەبوو کە دەتوانین بەردەوام بین تاوەکو کۆنگرە."
لەبارەی کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرە، ئەحمەد گەرمیانی گوتی، "ئەوە هێشتا دیارینەکراوە، سەرەتا هەڵبژاردن دەکرێت و ئەندامانی کۆنگرە دیاری دەکرێت، دواتر بڕیار لەبارەی کۆنگرە دەرێت. لیستەکانیش دیاریکراوە لە 30 ئاب بۆ 31ـی ئاب دواتر سێ رۆژی دیکەش درێژکرایەوە بۆ دیاریکردنی لیستەکان کە هەشت لیست دیاریکراوە کە دووانی پێكهاتەکانە و شەش لیستی هی حیزبەکانە."
سەرۆکی یەکێتییەکە لە پشکی پارتییە و جێگرەکەشی یەکێتییە، هەروەها ئەندامانی سکرتارییەت لە چوار پارتی، چوار یەکێتی، دوو گۆڕان، یەک یەکگرتوو، یەک کۆمەڵ، یەک تورکمان و یەک ئەندامی کریستیان پێکدێت.
ئەحمەد گەرمیانی دەڵێت: "رێکخراوەکەمان پارتی بێت، یەکێتی بێت یان گۆڕان بێت، گرنگ ئەوەیە خزمەت بە مامۆستایان و پڕۆسەی پەروەردە بکات، دەنگی مامۆستایان بگەیێنێت و وێنەیەکی جوانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە نیشانبدات کە بەگوێرەی پەیرەو کارەکانی خۆمان کردووە."
سەرەتی ئەندامبوون لە یەکێتی مامۆستایان
یەکێتیی مامۆستایان لە ساڵی 1962 یەکەم کۆنگرەی بەست و ئێستا خاوەنی 81 هەزار ئەندامە. سەرۆکی یەکێتییەکە باس لە سەرەتیی ئەندامبوون لە یەکێتیی مامۆستایان دەکات و دەڵێت: "هەر مامۆستایەک ئەندامە لای ئێمە، مافی وەرگرتنی خانووی مامۆستایان و کڕینی ئۆتۆمبێلی بە قیست هەیە، جاران پارە زۆر بوو پارە دەدرایە مامۆستای نەخۆش، ئەوەی هاوسەرگیری دەکات یان منداڵی دەبێت کە ئەوانە تەنیا ئەندامان دەگرێتەوە."