لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 30 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان فۆرمی حەجیان پڕکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێنجشەممە ناونووسین بۆ حەج کۆتایی دێت و وادەکەش درێژ ناکرێتەوە. بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداویش، زیاتر لە 30 هەزار کەس فۆرمی حەجیان پڕکردووەتەوە، کە هەر کەس 25 هەزار دیناری لێ وەرگیراوە و بەوەش کۆی گشتیی ئەو پارەیەی وەرگیراوە، گەیشتووەتە زیاتر لە 767 ملیۆن دینار.
رۆژی سێشەممە 24-10-2023 کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ناونووسین بۆ حەج 15ی ئەم مانگە دەستیپێکرد و رۆژی پێنجشەممە 26ی ئەم مانگە کۆتایی دێت و وادەکەش درێژناکرێتەوە."
بە گوتەی کاروان ستوونی، دوای ئەوەی ناونووسین کۆتایی دێت، ناوەکان داخڵی کۆمپیوتەر دەکرێن و هەر کەسێک زیاتر لە دوو جار ناوی نووسیبێت، دەردەکەوێت و بەگوێرەی رێینوێنییەکان پووچەڵ دەکرێتەوە؛ دەشڵێت، "وردبینیکردنی ناوەکان و راگەیاندنیان رەنگە نزیکەی مانگێک بخایەنێت."
ناونووسین لە رێگەی فۆرمەوە دەبێت کە فۆرمی یەک کەسی، دوو کەسی و سێ کەسی هەیە. بۆ پڕکردنەوەی فۆرم، پێویستە هاونیشتمانی 25 هەزار دینار بدات، واتە هەر کەس فۆرمی سێ کەسی وەربگرێت، دەبێت 75 هەزار دینار بدات.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، گەرمیان و راپەرین نزیکەی 30 هەزار و 710 هاونیشتمانی فۆرمی حەجیان پڕکردووەتەوە، کە هەر کەسێک 25 هەزار دیناری لێ وەرگیراوە، بەو جۆرەش کۆی گشتیی داهاتی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە ناونووسین بۆ حەج گەیشتووەتە 767 ملیۆن و 750 هەزار دینار.
هەڵگورد عەبدولسەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەولێر رۆژی سێشەممە 24-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو 22ی ئەم مانگە لە سنووری پارێزگای هەولێر، 11 هەزار کەس فۆرمی داواکردنی حەجیان پێشکێش کردبوو. تاوەکو پێنجشەممە ناونووسین بەردەوام دەبێت و دوای ئەو وادەیەش درێژناکرێتەوە."
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی بە رووداوی گوت، "هێشتا ئاماری دیاریکراو بەردەست نییە و دوایین رۆژ دەردەکەوێت، بەڵام تاوەکو رۆژی شەممە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، حەوت هەزار و 760 هاونیشتمانی فۆرمی وەرگرتبوو."
لە پارێزگای دهۆک بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیشەوە تاوەکو رۆژی یەکشەممە نزیکەی 5000 هاووڵاتی فۆرمیان پڕکردبووەوە. سەرمەد ئالیخان، بەڕێوەبەری حەج و عومرە لە پارێزگای دهۆک بە رووداوی گوت، "نزیکەی 5000 فۆرم دابەشکراون کە فۆرمی یەک کەسی، دوو کەسی و سێ کەسیش لەخۆدەگرێت و رۆژی پێنجشەممەش ئامارەکە بە وردی رادەگەیێندرێت."
بە گوتەی ئارام شێخ جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی پارێزگای هەڵەبجە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، "700 فۆرم بۆ پارێزگاکە هاتوون و لەو ژمارەیە 400 پڕکراونەتەوە کە دوو کەسی و سێ کەسیش هەن؛ بۆیە بە گشتی نزیکەی 700 هاونیشتمانی فۆرمیان پڕکردووەتەوە."
شێخ تەها عومەر، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی راپەرینیش بە رووداوی گوت، "لە سنووری ئیدارەکەمان هەزار و 236 فۆرم بەسەر دوو هەزار و 250 هاونیشتمانییدا دابەشکراون. فۆرمی دوو کەسی و سێ کەسیش هەن و بەشێکی ئەو فۆرمانەش پڕکراونەتەوە."
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش تاوەکو دوێنێ 2500 فۆرم دابەشکرابوون. ئیدریس ژاڵەیی، لێپرسراوی نووسینگەی حەج و عومرەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو 2500 فۆرمەی دابەشکراون نزیکەی 4000 هاووڵاتی پڕیان کردوونەتەوە."
ئەمساڵ 4685 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون. تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی 4500 و بە وشکانیش 3800 دۆلار بوو.