شاندێکی عێراق بە مەبەستی کاراکردنی کۆدی دەرچووانی سنووری مادەی 140 سەردانی هەولێر دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەڵێت، ئەمڕۆ شاندێکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ کاراکردنی کۆدی دەرچووانی سنووری مادەی 140. بەرپرسێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات، "بڕیارە بەشێک لە خوێندکارە یەکەمەکانی سنووری مادەی 140 کە یەکەمی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بوون، لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە دابمەزرێن." 
 
بەختیار حاجی حەمەد، بەڕێوەبەری گشتی لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی تەکنیکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و بڕیارە رۆژی دووشەممە سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بکات و لەبارەی شێوازی کاراکردنی کۆدی یەکەمەکانی ناوچەی 140 کۆببنەوە". 
 
بە گوتەی بەختیار حاجی حەمەد، چاوەڕوان دەکرێت هەر دووشەممە کۆدەکان کارا بکرێن و دەڵێت، "ته‌نیا یه‌ک ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ بۆ دواخستنی كارا كردنی کۆدەکان، ئه‌ویش ئەوەیە زۆربه‌ی ناوه‌كان به‌ فۆنتی كوردی نووسراون. فۆنتی كوردیش لە ئه‌نجوومه‌نی راژەدا‌ كارا نییه. به‌ڵام له‌ هه‌موو ئه‌گه‌رێکدا ده‌رفه‌تی پێداچوونه‌وه‌ به‌ داتای ده‌رچووان دەکرێت و ئه‌وه‌ی ناوی گه‌یشتبێته‌ ئه‌نجوومه‌نی راژه‌ له‌ رێگەی نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستانەوە له‌ به‌غدا مافی زامنكراوه."
 
هاوکات د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەو دەرچووانە زیاتر لە دوو هەزار کەس دەبن کە دەرچووە یەکەمەکان و دەرچووانی بەشە تەندروستییەکانیشیان لەگەڵدایە."
 
بەگوتەی د. توانا نەجەف، ئەوان وەکو وەزارەتی خوێندنی باڵا، داوایان لە زانکۆکان کردووە ئەو خوێندکارانەی كێشەیان لە بەڵگەنامەکانیاندا هەبووە بۆیان بنێرن بۆ ئەوەی مامەڵەکانیان رایی بکرێن و چاوەڕوانی هاتنی شاندەکەی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراقن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان.‌